"هیواخوازین لە فەرەنساوە هەڵمەتی كۆتاییهێنان بە رێككەوتنی سایكس پیكۆ دەستپێبكرێت"
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨/٤/٢٠١٦، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە شاندێكی وڵاتی فەرەنسای كرد؛ كە ٣٠ ئەندام پەرلەمان و ڕۆژنامەنووسی هەرە بەناوبانگی ئەو وڵاتەیان لەگەڵدا بوو.
دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، بە ناوی پەرلەمانی كوردستانەوە بەخێرهاتنی شاندەكە كرد و سپاسی گەل و حكوومەتی فەرەنسای كرد بەرامبەر ئەو پشتگیرییەی كە لە هەرێمی كوردستانی دەكەن؛ بە تایبەتیش لە شەڕی تیرۆردا. هەروەها هیوای خواست وڵاتی فەرەنسا هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سیاسی و ئابووری و مرۆییەوە و بەدواداچوونی كەیسی ئاوارەكان و ئەو پێكهاتانەی كە داعش جینۆسایدی کردوونە.
سەبارەت بە پەیوندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دووپاتی كردەوە كە گەلی كوردستان ناچێتە ژێر ڕكێفی عیراقێكی نادیموكراتەوە؛ بەڵام ئەگەر عیراق لەسەر ڕێی دیموكراتیک بڕوات ئەو كاتە گەلی كوردستان شەریكێكی باش دەبێت؛ دەیشڵێ: "ئێمە بڕیارمان نەداوە لە عێراق جیا ببینەوە، بەڵام ئەی دا ئێمە بە ڕەوای دەزانین و داوا لە فەرەنسایش دەكەین پشتی گەلی كوردستان بگرێت."
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە یادی سەدساڵەی ڕێككەوتنی "سایكسپیكۆ"یش كرد كە دەكاتە ڕۆژی ١٦ـی ئەم مانگی ئایارەی وا دێت؛ دیارە ئەو ڕێككەوتنە گەلی كوردستان زۆر توشی کێشە کرد؛ ئێمە بە ڕەوای دەزانین داوا لە هێزە جیاجیاكان و ڕای گشتی فەرەنسا بكەین كە دەستپێشخەر بن لە هەڵمەتێك بۆ ئەوەی ساڵیادی ڕێككەوتنی سایكسپیكۆ بكرێتە ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیە." پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمان پۆختەیەكی دەربارەی پێكهاتەی پەرلەمان بۆ شاندی میوان خستە ڕوو.
لە بەرامبەردا پەرلەمانتار "باپت جیرارد" بە ناوی شاندەكەوە سپاسی خۆیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كرد و، خۆشحاڵیی خۆشیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پشتیوانی وڵاتەكەشیان بۆ كوردستان لە ڕووی سیاسی و سەربازی و مرۆیی نیشان دا؛ هەروەها تەئكیدی لەسەر گرنگیی پەرەپێدان و بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا كردەوە و یەكڕیزی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی گەلی كوردستانیشی بەرز نرخاند.
دوایی "بێرنارد كازییە" سەرۆكی گرۆپی دۆستایەتی فەرەنسا ـ عێراق لە سێناتی فەرەنسا بەردەوامبوونی وڵاتەكەی لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە دووپات كردەوە.
لە ئاخریشەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لۆگۆی پەرلەمانی كوردستانی وەكو دیاری پێشكەش بە شاندی وڵاتی فەرەنسای كرد.
هەولێر-KDP.info- لە پێشوازی شاندێکی پەرلەمانتارانی فەرەنسا و ڕۆژنامەنووسانی ئەو وڵاتەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە، هیواخوازین لە فەرەنساوە هەڵمەتی كۆتاییهێنان بە ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ دەستپێبكرێت.
