"بەدواداچوون بۆ نیو مووچەكەی مامۆستایان دەكرێت.. بڕیار دراوە كۆمەڵێك پەروەردە نەمێنن"

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵێنی داوە كە نیو مووچەكەی مامۆستایان خەرج بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەیش یەكێتیی مامۆستایان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزیری پەروەردە، كار بۆ ئەوە دەكەن تا حكوومەت خەرجی بكات.

(ئەحمەد گەرمیانی)، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "یەكێتیی ماموستایانی كوردستان لەبارەی كۆمەڵێك پرسەوە ئەمڕۆ سەردانی وەزیری پەروەردەیان كرد، یەكێك لەو پرسانەیش ئەوە بوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی دابوو لە مانگی چواردا نیو مووچەی مامۆستایان خەرج بكرێت، بەڵام لەئێستادا خشتەی مووچە راگەیێندراوە و نیو مووچەكەی تێدا نییە، بۆیە وەزیری پەروەردە بەڵێنی داوە كە كاری جیددی لەگەڵ حكوومەتدا بكات بۆ ئەوەی ئەو نیو مووچەیە خەرج بكرێت و كاتی خەرجكردنەكەیشی دیاری بكرێت".

(گەرمیانی) گوتیشی: "پرسێكی دیكە لەبارەی كەمكردنەوەی هەیكەلی وەزارەتی پەروەردەیە كە بڕیار دراوە كۆمەڵێك پەروەردە نەمێنن و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لەناو وەزارەت كەم بكرێتەوە، جگە لەوەیش، باس لە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ كراوە كە تاوەكو ئێستا پارەی چاودێری خولی دوومی ساڵی پار و وانەگوتنەوەی ساڵی رابردوو نەدراوە، بۆیە داوا كرا ئەو پارەیە خەرج بكرێت بۆ ئەوەی مامۆستایان بە باشی كاری خۆیان بكەن".

ئەو دەشڵێت: "بڕیارە تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی هەموو لە یەك كاتدا بێت، لەبەر ئەوەی خوێندن لە هەموو ناوچەكان بەردەوام بووە و رانەگیراوە".

باسی لەوەیش كرد كە، وەزیری پەروەردە، بەڵێنی چارەكردنی ئەو پرسانەی داوە.












له KDP
Top