"پرسی سەرۆكایەتی چارە نەكرێت، لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت"

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ئەگەری ئەوە هەیە سبەی ئەنجوومەنەكەیان كۆ ببێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەگەر پرسی سەرۆكایەتی چارە نەكرێت، كێشەكان گەورە دەبن و دۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت.

(شاخەوان عەبدوڵڵا)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "دەنگۆی ئەوە هەیە كە رێككەوتن كراوە بۆ ئەوەی سبەی پەرلەمانتارێكی بێلایەن ئیدارەی دانیشتن بكات و پرسی سەرۆكایەتی پەرلەمان چارە بكرێت، بەڵام لە عێراقدا هیچ شتێك جیددی نییە، هەر بۆیەیش ئەو رێككەوتنەی كراوە، جێی متمانەپێكردن نییە".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "لە نێوان هەردوولایەنی پەرلەمانی، لە ئێستادا نێوەندگیری هەیە، بۆ ئەوەی رێككەوتن بكرێت و كۆتایی بەو پرسە بهێندرێت، خۆ ئەگەر ئەو كێشانەیش چارە نەكرێن، گەورەتر دەبن و دواتر لە كۆنتڕۆڵی هەموو لایەك دەردەچن و دۆخەكە هەمووی تێكدەچێت، بۆیە باشترە بگەنە رێككەوتن".

باوەڕیشی وایە كە، تا سبەی بگەنە رێككەوتن و ئەو پرسە چارە بكرێت.






له KDP
Top