سەرۆك بارزانی‌ داوای‌ دڵنیایی له‌ سه‌رۆك هۆزه‌‌كانی‌ حەویجە ده‌كات

سەرۆك بارزانی‌ داوای‌ دڵنیایی له‌ سه‌رۆك هۆزه‌‌كانی‌ حەویجە ده‌كات
مه‌سعود بارزانی‌ داوای‌ دڵنیایی له‌ كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كانی‌ ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ دوباره‌ نه‌بونه‌وه‌ی‌ ناپاكی‌ به‌شێك له‌ عه‌شایه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌كاتی‌ هاتنی‌ داعشدا.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ لە سەلاحەدین، مسعود بارزانی‌، له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كانی‌ ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد كۆبۆوه.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كانی‌ ناوچەکانی حەویجە و داقوق داوایان لە بارزانی کرد کە ڕێگەیان پێ بدرێت ئەوان بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان لە ژێر دەستی داعش ڕۆڵی کاریگەریان هەبێت و دەیانەوێ شانبەشانی پێشمەرگە لە بەشداریی شەڕی ئازادکردنی ناوچەکانی دەوری کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکەن.

كه‌سایه‌تی و سه‌رۆك هۆزه‌‌كان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەوان متمانەی تەواویان بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان هەیە و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری پێویست بێت.

لەبەرانبەردا بارزانی داوای له‌ ئاماده‌بووان كرد كه‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌بێت بۆ برایه‌تی‌ و پێكه‌وەژیان و جه‌ختی له‌ پێوه‌ندیی مێژوویی نێوان كورد و عه‌ره‌ب كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "هەروەک پێشتریش تەئکیدم کردۆتەوە، چارەنووسی کەرکووک لە دەستی خەڵکی کەرکووکە و لە داهاتووشدا خۆیان بە ئازادیی بڕیار دەدەن و دەبێ هەموو لایەکیش ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک بگرن".

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، بارزانی‌ ئەوەی وەبیر ئامادەبووان هێنایەوە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان هەرگیز ڕێگە نەدراوە شەڕ و بەرخودان لە بەرانبەر حکوومەت بکرێتە شەڕی کورد و عەرەب، تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە ئەو مەرامەی خۆیان و هەندێ کەسی تر کە پێیان وابوو بەو ڕێگەیە دەگەنە ئامانجەکانیان و شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب، هەروەها خۆیان وەک فریادڕەسی عەرەبی سوننە پێشان دا، کەچی دەرکەوت کە داعش جگە له‌ كاولكاریی هیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد و سووکایەتییان بە زۆر بەهای عەرەبییش کرد.

وتیشی‌ "بەداخەوە لە سەرەتادا بەشێک لە عەشایەر ناپاکییان لە بەهاکانی عەرەبی کرد، ئێستا دەبێ ئێوە بە کردەوە دڵنیایی بدەن کە ئەو شتانەی ڕوویان داوە لە ڕەوشتی عەرەبدا نییە".

جەختیشی کردەوە کە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش هەبووبێت و هاوكاریی داعشی كردبێت و هزری داعشی لا پەسەند بێت، چارەنووسی وەک داعش دەبێت".

سەبارەت بە بەشدارییکردنی خەڵکی ناوچەکانی دەوری کەرکووکیش لە شەڕی ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان، بارزانی ڕایگەیاند کە ئەوە باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەماهەنگی دەکرێت.

بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بگیرێتەبەر تا تیرۆریستان نەگەنە ئامانجی خۆیان کە تێکدانی برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەیە. هەرچەندە

وتیشی‌ "تیرۆریستانی هیچ ئاییندەیەكیان لە ناوچەكە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە كاتەوە بەندە و کەرکووکیش دەکەینە شاری برایەتی و پێکەوەژیان".









له خه‌ندان
Top