کورد لە بەغدا خۆی یەکلای کردەوە

کورد لە بەغدا خۆی یەکلای کردەوە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "عەبادی دوولیستی پێشکەشی پەرلەمان کردووە و ئێمەی کورد ھیج کێشەیەکمان نییە.

ئەگەر عەبادی ئەمڕۆ بێتە پەرلەمان ھەموومان دەنگ بە لیستە ١٤ کەسییەکە دەدەین".گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ ھیچ لادانێک نین، نە لادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە لادانی سەرۆکوەزیران".

خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە شەوی چوارشەممە ١٣-٤-٢٠١٦ بەڕێوەچوو رایگەیاند "ئەوەی عەبادی لە کۆبوونەوەکە گوتی، پێشکەشکردنی دوو لیستە بە پەرلەمان، پەرلەمان دەنگ بە کام لیست دەدات، ئەو کێشەی نییە".

خەسرۆ گۆران، دەڵێت "ئەو لیستەی لەم دواییە عەبادی پێشکەشی کرد، ١٤ ناو لەخۆی دەگرێت، کێشە لەسەر ئەو ١٤ ناوە ھەیە، کە کاندیدن بۆ پۆستە وەزارییەکان، نەک لەسەر وەزیرە کوردەکان، ئێمەی کورد ھیچ کێشەیەکمان نییە ئەگەر عەبادی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٤-٤-٢٠١٦ بێتە پەرلەمان ھەموومان دەنگ بە لیستە ١٤ کەسییەکە دەدەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەو بڕوایەدانییە بە مەبەستی ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان سەرۆککۆمار بێتە پەرلەمان و گوتی: "ھەڵەیە سەرۆککۆمار لەو دۆخەدا بێتە پەرلەمان، چونکە کێشەکە جارێ کێشەی سەرۆککۆمار نییە، بەڵکو کێشەکە، کیشەی سەرۆکوەزیرانە، حەیدەر عەبادی دەبێت ئەو گۆڕانکارییە وەزارییە بکات".

خەسرۆ گۆران، ئاماژە بەوە دەدات کە " کورد کێشەیان نییە، شیعەکان کێشەیان نییە، تەنیا سوننەکان لەسەر سێ کاندید کێشەیان ھەیە، کە رەنگە پێویستی بە گۆڕین بێت، بڕیاریش بوو عەبادی لەگەڵ لایەنە سوننەکان بگاتە رێککەوتن بۆ گۆڕینی ئەو ناوانەی کێشەیان لەسەری ھەیە، ئێمەش چاوەڕیی ئەو ئەنجامە دەکەین".

سەبارەت بە ناڕەزایی پەرلەمانتارانی مانگرتوو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "چەند لایەنێکی سیاسی وەکو کوتلەی وەتەنییە، کوتلەی ئەحرار، نیوە زیاتری سوننەکان و ئەندامانی دەوڵەتی یاسا مانیان گرتووە و ١٧٠ واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ لەسەر کارلادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران، بەڵام ئایا چەند ئەمە سەردەگرێت دیار نییە، ناشزانین نیساب تەواو دەبێت یان نا، بەڵام ئێمە وەکو کورد یەکدەنگین و بڕیارمانداوە نەچینە نێو ھۆڵی پەرلەمان بۆ ئەوەی نیساب تەواو نەبێت ، ئەگەر نیساب تەواوبوو ئینجا ئێمە دەچین قسەی خۆمان دەکەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە ھەڵوێستی کورد لەسەر لادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی: "ئێمە لەگەڵ ھیچ لادانێک نین، نە لادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە لادانی سەرۆکوەزیران، چونکە ئێمە بەشێک نین لەو باتە، کێشەکە لەنێوان کوتلە عەرەبییەکانە، کێشەی ئێمە نییە، ئێمە یەکڕیزی خۆمان تێکنادەین و یەکھەڵوێست یەک دەنگ دەبین".









له ZNA
Top