ئەنفالی سێیەم سەختترین وێرانكاری و تاڵان، زۆرترین بێسەروشوێنكردن لە شاڵاوی ئەنفالی سێیەم

ئەنفالی سێیەم  سەختترین وێرانكاری و تاڵان،  زۆرترین بێسەروشوێنكردن لە شاڵاوی ئەنفالی سێیەم
عەدالەت عومەر*

(شاڵاوەكانی ئەنفال) كە بە پڕۆگرامێكی داڕێژراوی رژێمی عێراق بەڕێوەچوو، تاوانێك بوو كە بە چەند مانگێك لە (22ی شوبات تا 6 ئەیلوولی 1988) لە هەشت قۆناغی جیاجیادا بە بەرچاوی وڵاتانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ روویدا، كە زیاتر لە سەدان هەزار هاووڵاتی كوردی سڤیل تیایدا شوێنبزر كران. لێرەدا باسی هێرش بۆ سەر گەرمیان دەكەین كە بە گەورەترین كاولكاری و شاڵاوی سەربازی لە قۆناغەكانی شاڵاوەكانی ئەنفالدا دەژمێردرێت.


شاڵاوەكانی ئەنفالی سێیەم لە گەرمیان بە سەركردایەتی لیوا روكن سوڵتان هاشم، فەرماندەی فەیلەقی یەك و بە فەرماندەیی لیوا رۆكن كامل ساجت فەرماندەی فەیلەقی دوو، هەروەها بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فەریقی یەكەمی روكن عەدنان خەیروڵڵا وەزیری بەرگری، عەلی حەسەن مەجید بەرپرسی بیرۆی باكووری حزبی بەعس، سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئەركانی سوپا، فەریقی روكن نزار عەبدولكەریم خەزرجی یاریدەدەری سەرۆكی ئەركانی سوپا بۆ كاروباری ئۆپەراسیۆنەكان و فەریق حوسین رەشید محەمەد تكریتی، جێبەجێ كرا، كە هێرشكردن بووە بۆ سەر ناوچەی گەرمیان لە7 تا20ی نیسانی 1988و تیایدا هەموو ناوچەكانی خورماتوو، قادركەرەم، كفری، كەلار، چەمچەماڵ، تێلەكۆ، پێباز، سەنگاو، تەكیە، ئاغجلەر وێرانكران و خەڵكەكەی راماڵدران و زەرەر و زیانێكی یەكجار گەورەی گیانی و مادی بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گەیاند، كە نزیكەی (500) گوند بوون. شاڵاو دوای شاڵاو بۆ سەر كوردستان گەورەتر و كاریگەرتر دەبوون، بۆیە هێزی پێشمەرگە و هێزی پشتگیری كە دواتر لە گوندەكان پەیدابوون بۆ هاریكاریكردنی پێشمەرگە و شەڕكردن لەگەڵ رژێمدا نەیانتوانی بەرەنگاری قەبارەی ئەو هێز و سوپا زۆرە ببنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زیاد لە هەفتەیەك شەپۆل لە دوای شەپۆل هێرش و پەلاماردانی پیادە و زرێپۆش و تۆپخانە و فڕۆكە و جاش ناوچەكەی گرتبۆوە و هێزی پێشمەرگەش هیچ پاڵپشتی و ئازووقەیەكی نەدەگەیشتێ، ئەوانەش كە لە شاڵاوەكانی ئەنفالی یەكەم و دووم دەربازبوون و خۆیان گەیاندبووە ئەو ناوچەیە، گشتیان شەكەت و ماندوو بوون و ورەیان بە جارێك رووخابوو، دیارە ئەوەش كاریگەری هێرشی گازبارانكردنی سەردۆڵی جافایەتی و قەرەداغ و هەڵەبجە بوو كە باڵی بەسەریاندا كێشابوو، بۆیە خەڵكی گەرمیان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی خۆبەدەستەوەدان دواڕێگەیانە كە بیگرنەبەر، هەروەها سوپاش ئەو بێهێزی و شەكەتییەی قۆزتەوە و ناوچەكەی بەجێ نەهێشت تاوەكو هەموو گیانلەبەرێكی دەسگیرنەكرد. لە لایەكی دیكەوە هەوڵەكان بە مەبەستی گەیاندنی هەواڵی گازبارانكردن و جێنۆسایدكردنی گەلی كوردستان و پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی عێراق بەرامبەر پەیماننامەكانی نێودەوڵەتی بە دنیای دەرەوە لە لایەن كەسایەتی و هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە لە ئارادا بوو، لەوانەش یاداشتی بەرەی كوردستانی كە لە شەش حزب پێكهاتبوون و لە 15\8\1988 بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ناردرا و لە یاداشتنامەیەدا جگە لە داواكارییەكان، لیستی شاڵاوە سەربازییەكانی هێزەكانی عێراق ئاشكراكرابوون كە لە نێوان 15\4\1987 تاكو مانگی ئابی هەمان ساڵ كە تییدا كەڵك لە چەكی كیمیایی وەرگیرابوو. هەروەها بەڵگەنامەی دەقی بڕیاری دەوڵەتی عێراق سەبارەت بە ناوچە قەدەغەكراوەكانی كوردستان هاوپێچ بە یاداشتەكە كرابوو. دواتر لە 1\9\1988 «مسعودبارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان» داواكارییەكی بە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرزكردەوە كە تیایدا هاتووە: «ئیمە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین، بڕیارنامەكانی ئەم دواییانەی جێبەجێ بكات سەبارەت بە هەڵگرتنی هەنگاوی خێرا دژی هەر دەوڵەتێك كە چەكی كیمیایی بەكار دەهێنێت...»
هەروەها جارێكی دی بەرەی كوردستانی لە 24\2\1989 لە یاداشتێكی دیكەدا لیستێك لە قوربانییانی ئەنفالی گوندەكانی هەردوو پارێزگای كەركووك و سلێمانی بۆ لیژنەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 24ی شوباتی 1989 ناردووە و ئاماژەیان بەوە كردبوو كە كە تەنیا لە هەردوو مانگی ئادار و نیسانی 1988 زیانەكان بەم شێوەیە بوون: (نزیكەی 728 گوند و شارۆچكە وێران كراون و 40 هەزار خێزان راگوێزراون، كە 16هەزاریان لە زیندانەكانی رژێمدان و 7407 ئافرەتی ناوچەكانی زەنگەنە و جەباری و سەنگاو لە گرتووخانەی دوبز بەند كراون و 5600 ئافرەتی ناوچە جیاجیاكان لە ناحیەی یایچی بەندكراون، 4560 منداڵ لەگەڵ ئافرەتاندا گیراون كە بەدەیانیان لێ مردوون، هەروەها چەندین منداڵی تەمەن شەش مانگ تا یەك ساڵی هەریەكەی بە 50 دینار فرۆشراون و 7640 پیاو شوێنبزر كراون و سووكایەتی بە رەوشت و كەرامەتی ئافرەتان كراوە كە دوور لە هەموو دابونەریتێكی مرۆڤایەتییە).


شاڵاوەكانی ئەنفالی سێیەم (گەرمیان) لە ناوەرۆكدا خۆی لە (3) سێ پەلاماری جیاجیا بۆ ناوچەكانی ئەم دەڤەرە بینییەوە. یەكەم پەلامار بۆ سەر خورماتوو بوو، رۆژی 7ی نیسان كە یادی دامەزراندنی حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكیە، هێزەكانی رژێم بە هەموو پێكهاتەكانی سوپا و یەكەكانی هێزی كتوپڕی و هێزەكانی تایبەت و فەوجەكانی جاش لە بنكە تایبەتییەكانی خۆیان لە خورماتوو دەرچوون. دوو رۆژ دوای ئەوە چەند هێزێكی تر لە كەركووك و لەیلان و چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بە هەمان شێوە دەرچوون و لە هەموو لایەكەوە ڕووەو شارۆچكەی قادر كەرەم پێشڕەوییان كرد، هێزی دەرچووی خورماتوو بوو بە سێ هێزی هاوبەشەوە (Task force) یەكەمیان بۆ باشوری رۆژهەڵات لە شارۆچكەی نەوجوولەوە بەرەو چەمی ئاوە و سپی، دووەمیان كەوا هێزێكی هاوبەشی گەورەتر بوو بەرەو رۆژهەڵات پێشڕەوی كرد بە گوێ چەمدا كە پێكهاتبوو لە لیوای 65ی هێزی تایبەت و لەلایەن هەردوو فەوجی بەرگری نیشتمانی (58 و 200 )ـەوە پاڵپشت دەكران، ئەو هێزە هێرشی كردۆتە سەر (17) گوند دوای شەڕوپێكدادانێكی زۆر لەگەڵ ئەو هێزە پێشمەرگەی كە لەوێ بووە، تەواوی گوندەكانیان راماڵییە و وێرانیان كردووە، زیانیشیان یانزە كوژراو بووە كە هەشتیان جاش بوون. سێیەمیان ئەو هێزە هاوبەشە بووە كە پەلاماری گوندی تازە شار –ی دا، كە گوندێكی ستراتیژی و گرنگ بووە، بە هۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی لە نێوان خورماتوو و قادر كەرەم، لە (9)ی نیساندا هێزەكانی رژێم گوندەكانی (كانی قادری سەروو و خواروو، ئاوایی شێخ حەمید، كەریم بەسام، عەزیز بەگ)یان وێرانكرد و خەڵكەكەشیان شوێنبزر كرد. ئەگەرچی باسو خواسی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە ئەنفالی سێیەمدا نییە، وەلێ شایەت عەیان هەن كەوا گەواهی ئەوە دەدەن و بە چاوی خۆیان بینیویانە كە چەكی كیمیایی بەكارهاتووە، تەنانەت لە جفرەكانی فەرماندەی سوپای رژێمەوە لە رێگای رادیۆوە گفتوگۆی بێتەلی نێوان فەرماندەكانی سوپاوە بیستراوە كە «بۆ لەناوبردنی تێكدەران و یاخیبووان گاز تاكە رێگەیە بۆ تێكشكاندنی بەرگرییان». هەروەها فڕۆكەی هۆكەرهەنتەری بەریتانی بینراوە كە گوندی تازە شاری بۆردومان كردووە و گەواڵە و دووكەڵی سپی زۆری لێ پەیدا بووە، ئافرەتێكیش كە خەڵكی گوندی شێخ حەمیدە لاشەی 25 پێشمەرگەی بینیبوو كە بە گاز خنكابوون، ئافرەتەكە سەرەتا نەیزانیوە كە ئەوانە بە گاز خنكابوون، كاتێك ژمارەیەك لە بزن و مانگا و پەلەوەری بینیوە كە لەوێ مردوون، ئەوسا گەیشتۆتە ئەو راستییەی كە گازی كیمیایی بەكارهێنراوە، هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە كە لە 10ی نیسانیشدا بۆ دووەم جار هێرشی كیمیایی ئەنجام درابێت. جووتیارێكی مەڕدار لە گوندی ئاڵاوی باس لەوە دەكات كە ئەو پێشمەرگانەی لەوە دەرباز ببوون بەو لایەدا هەڵاتن لە دەوروبەری نیوە شەودا فڕۆكە بۆردومانی كردن، لە ئەنجامدا دە كەسی لێ كوشتن. پەلاماری دووەم بۆ قادر كەرەم و باكووری گەرمیان بوو. ئەو هێزانەی كە لە كەركووك و چەمچاڵەوە دەرچووبوون و بەرەو قادر كەرەم پێشڕەوییان كردبوو لە 10ی نیساندا بە سەرپەرشتی عەمیدی هێزی تایبەت (بارق عبدالله الحاج حنتە) گەیشتنە ناوچەكە و هیچ كۆسپ و تەگەرەیەكیان نەهاتەڕێ و هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكیان لەلایەن پێشمەرگەوە بەرامبەر ئەنجام نەدرا، لەو هێرشەدا هێزێكی جاش هەردوو گوندی چەپەك و ئیبراهیم غولامی تێكدا، ئیبراهیم غولام كە گوندێكی سەر بە عەشرەتی زەنگەنە بوو لەگەڵ هۆزی جەباری دراوسێ بوون، بوونە قوربانی سەختترین وێرانكاری و تاڵان و بڕین لە ئەنفالی سێیەم.


لە هەموو هێرشەكان جاشە كوردەكان پێش سوپای عێراقی دەكەوتن و دەچوونە ناو گوندەكان و ئەگەر هەر شەڕێك بوایە، لەپێشدا تووشی ئەوان دەبوو، خۆ ئەگەر شەڕیش نەبوایە لەو گوندە، ئەوەی تیایدا بوایە تاڵانیان دەكرد و دواتر ماڵی خەڵكیان دەسووتاند و دەیانڕووخاندن، ئەو جاشانەی بەشدارییان لە ئەنفالی سێدا كردووە، كە بوونە هۆكاری بەدەستەوەدانی خەڵكی ناوچەكە و دواتریش بێسەروشوێنكردنیان، چونكە موستەشارەكان هانی ئەو خەڵكەیان دەدا كەوا خۆیان بەدەست هێزەكانی سوپاوە بدەن، گوایە لێبووردنی گشتی دەرچووە و حكومەت هیچیان لێناكات. ئافرەتێك بە موستەشارێكی گوتبوو: «دەربازم بكە لە دەست سوپا، لە وەڵامدا پێی وتبوو من هیچم بۆت پێناكرێ باشتر وایە خۆت بدەی بەدەستەوە». هەر چەند هێندێ لە موستەشار و جاشەكانیش كە بینیویانە وا ژن و پیاو لێك جیا دەكرێنەوە، زۆر بێزار و پەشیمان بوون. ئەوەتا لە «بروسكەی هەواڵگری دوزخورماتوو ژمارە (10340) لە 10\4\1988 سكاڵای ئەوە دەكات كەوا فەوجێكی تری جاش كە فەوجی (25)ـە لە هێزەكە كشاوەتەوە و ئەو ئەركانەی كە پێی سپێردراوە ئەنجامی نەداوە». هەروەها دەمەو بەیانییەكی زوو لە گوندی (قیرچە)ی ئارامدا دوای هێرشكردنە سەری و دەستبەرسەرداگرتنی، پیاوەكانیان لە شوێنێكدا كۆكردۆتەوە و دەستیان لە پشتەوە كەلەپچە كردون و رەوانەی چەند شوێنێكی نادیاریان كردوون. پەلاماری سێیەم بۆ سەنگاو و باشووری گەرمیان بوو، دوای هەر دوو پەلامار بۆ سەر خورماتوو و قادر كەرم و باكووری گەرمیان، رژێم پەلامارێكی بەرفراوانی بۆ ناوچەی سەنگاو و باشووری گەرمیان دەستپێكرد. سوپا لە هەموو ناوچەكان خەریكی هێرش و وێرانكردنی گوند و دەسگیركردنی گوندنشینەكان بوو. ئەو شاڵاوە زۆرترین گوندی لەم ناوچەیە وێران كرد و ژمارەیەكی ئێجگار زۆریش لە خەڵكی شوێنبزر كران (تەنیا لە رۆژی 14ی نیساندا لە هەردوو گوندی ملە سوورە و كولەجۆی حاجی حەمەجان لە یەك كاتدا زۆرترین ژمارەی خەڵكی ناوچەكە دەسگیركران و بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە شوێنبزر كران. ناوچەی سەنگاو كە 93 گوندی لەخۆ گرتبوو (85) یان لەپێش شاڵاوەكاندا نزیكەی (18) هەزار كەسی تیادا دەژیان كە زۆربەیان لە شاڵاوەكان تیاداچوون و شوێنبزر كران. ئەو گوندانەی كە لەناوچەی سەنگاو بەر شاڵاوەكە كەوتن، ئەمانە بوون: (دەرەوار، بانەمورد، پێنج ئەنگوستی، حاجی محەمەد ئاغا، پێنج ئەنگوستی شێخ مستەفا، هەنجیرە، سێگومەتان، كێڵەبەرزە، دەرزیلە، قەلاگە، داربەڕوو)، هەروەها ژمارەیەك پێشمەرگەش كە لە پەلامارەكەی قادر كەرەم و باكووری گەرمیان بەرەو باشوور هەڵاتبوون بۆ خۆدەربازكردن دەسگیر و شوێنبزر كران، ناوچەكانی باشووری گەرمیانیش كە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە بە عەرەبكراوەكانی دیالەدا لە بەرەبەیانی 9ی نیساندا بە چەند هێزێكی گەورە لە شارۆچكەی كفری و كەلار وپێناز و پونگەڵە كەوتنەڕێ. ستراتیژیەتی سەرەكی سوپا لەم هێرشانەدا هەمان ستراتیژییەتو تاكتیكی پەلاماری باكووری گەرمیان بوو كەبریتی بوو لە پرۆسەی ئابلۆقەدانێكی گەورەو فراوان لەچەندین لاوە و لەیەك كاتدا و بەكۆمەڵ گرتنی خەڵكەكە و دواتر رووخاندن و تەختكردنی گوندەكان و تاڵانكردنیان، فەرماندەی هێزەكانی كفری بە سەرپەرشتی لیوایەك بووە كە ناوی سامی بووە و نەناسراوە و سەر بە فەیەلەقی یەك بووە كە فەریق روكن سوڵتان هاشم سەركردایەتی دەكرد. لە10ی هەمان مانگ نزیكەی (20) گوندی ناوچەكە بە تەواوی تەخت كران، لەوانە: (چوارشاخ، عەلیانی تازە، توكن، میل قاسم، دوڕاجی، بەڵگەی گەورە، بەڵگەی بچووك، ئۆمەڕبل و.. هتد.) هێزەكانی فەوجی پیادەی سەربازی (وحدە المشاە) 417و 418و فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی 100، 131، 197 بەشدارییان لەو هێرشانە كردووە و گوندەكانیان داگیركرد و خەڵكەكەشیان شوێنبزركرد. هێزی هاوبەشی دووەم كە لە كەلارەوە دەرچووبوون بە سەرپەرشتی نەقیب (عبد عواد)ی فەرماندەی یەكەی پیادەی 417 لە 11ی نیساندا هێرشی كردە سەرگوندی دوڕاجی كە ماوەی چەند میلێك لە خۆرئاوای گوندی ئۆمەربلەوە دوور بوو، لەوێ خەڵكەكە دەستبەجێ خۆیان دابووە دەست سوپا و راگوێزرانە ئەو ئۆردوگا تایبەتەی كە ئامادە كرابوو لە نزیك فیرقەی پیادەی 21، لە13ی مانگیش هێزەكە گەیشتە گوندی كۆڵەجۆ، بەرلە گەیشتنی هێزەكە خەڵكەكە كە هەندێك كەلوپەلیان لەگەڵ خۆ بردبوو بەرەو كۆمەڵگەی سمود رایانكردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی تەنیا رێگای نێوان كفری و كەلار مابۆوە، بەناچاری ڕووەو گوندی ملەسوورە چوون، لەگەڵ گەیشتنی هێزەكە بە كۆمەڵێك بلدۆزەر گوندەكەیان رووخاند لە17ی مانگیش گوندی كونەكۆتریان وێران و تاڵان كرد و خانووەكانی خاپووركران و ئەو خەڵكەش كە دەسگیركرابوون، هەموویان شوێنبزر كران. لە18 یان 19 نیساندا هێزەكانی كفریو كەلار بۆ ماوەی 10 رۆژ لە ئەنفالی سێیەمدا ئەركەكانی خۆیان تەواو كرد، زۆربەی گوندی ناوچەكانی سەنگاو و باشووری گەرمیان تەختكران، ئەو هێزە پێشمەرگەیەش كە ناو ناوە بەرگری دەكرد، دواتر تێكشكێندران، چونكە سوپا هێزەكانی خۆی دوو ئەوەندە زیاد كرد و چەك و تەقەمەنییەكی بێئەندازەی خستە بەردەستیان.


رژێمی عێراق دوای دەسگیركردنو ڕاگوێزانی خەڵكی ئەو ناوچانە هەڵسا بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی راگەیاندن و پڕوپاگەندەی بەربڵاو كە وا ئەوانەی دەسگیركراون (تێكدەر و ئێرانییە گیراوەكانن) بۆ ئەم مەبەستەش هەڵسا بە وێنەگرتنی خەڵكە گیراوەكە و نیشاندانیان لەسەر شاشەكانی تەلەفزیۆن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك و دووبارە لێدانەوەی فیلمەكە. تا ئەو كاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی (المجلس الامن القومی) عێراقی بە نووسراوی (نهێنی و شەخسی) ژمارە 397 لە 2 مایسی 1988 بۆ وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وێنەیەك بۆ لیژنەی كاروباری باكووری سەر بە ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش و بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی (مدیریە الامن العامە) گلەیی و گازاندە لەوە دەكات كە نیشاندانی ئەو فیلمانە زیانبەخشە و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی هەڵوێست وەربگرن و خۆپیشاندان دژی حكومەت ساز بدەن».

*نووسەر و لێكۆلەر لە بواری جینۆسایدی گەلی كوردستان
Top