بارزانی بانگێشتنامەیەکی زۆری وڵاتانی بەدەست گەیشتووە

بارزانی بانگێشتنامەیەکی زۆری وڵاتانی بەدەست گەیشتووە
دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ده‌لێت:" یەکێتیی ئەورووپا بڕیاری سەبارەت بە چۆنیەتیی هاوکاری کردنی دارایی هەرێمی کوردستان داوە، بەڵام بە دوای میکانیزمی پێدانی هاوکارییەکەدا دەگەڕێت".



نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان بە فاکتەری سەرەکی سەقامگیریی سیاسی و سەربازی لە ناوچە دادەنرێت، بەتایبەتیش لە عێراق و سووریا”. ڕوونیشی کردەوە کە سەردانی چڕی بەرپرسانی وڵاتان بۆ کوردستان و بانگێشتکردنی نوێنەراتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پێگەی کوردستان و پێگەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە وەک “کەسایەتییەکی گرنگ” تەماشا دەکرێت. گوتیشی: “بارزانی زۆر ڕاوێژی پێ دەکرێت کە من لە هەندێک کۆبوونەوە لەگەڵیدا بووم، کۆمەلێک پرسیاری لێ کراوە، وەک ڕاوێژێک لە دەرەوەی سنووری کوردستان و ناوچەکە بووە”. دووپاتیشی کردەوە، هەرێمی کوردستان بووەتە شوێنێکی سەقامگیر لە ناوچەکەدا، بۆیە وەک دەوڵەتێکی گرنگ تەماشا دەکرێت.



نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئەوەی ئاشکرا کرد: “پشتگیریی دارایی هەرێمی کوردستان یەکلایی بووەتەوە، تەنانەت بانکی نێودەوڵەتیش باسی کردووە، بەڵام گرفتەکە لە میکانیزمی گەیاندنی ئەو هاوکارییانەیە، چونکە کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام بەدوای ڕێکارێکدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکرێت”. گوتیشی: “لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە، ڕێوشوێنەکان دیاری کراون و ئێستاش گفتوگۆ لەو بارەیەوە دەکرێت، خۆشیان دەڵێن کە ئێمە هاوکاریی عێراق دەکەین، بۆ ئەوەی بەشی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئێمە دەڵێین، نەخێر دەبێت ڕاستەوخۆ چەکمان پێ بدرێت".



ئاژگەیی ئەوەشی ڕوون کردەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و چەند وڵاتێک، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، دەبێت هاوکاریی دارایی هەرێمی کوردستان بکرێت، بە تایبەتیش لەپرسی ڕووبەڕووبووەنەی شەڕی داعشدا. گوتیشی: “بەهۆی ئەوەی بارزانی بەم دواییانە خۆی سەرپەشتی میحوەرەکانی شەڕ دەکات، بۆیە سەردانەکانی کەمتر بووەتەوە، بەڵام هەمیشە بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ دێن، ماوەیەک لەمەوبەر سەرۆک وەزیرانی بەلیجکا بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ ناردووە، ئەویش قبولی کرد کە لە کاتی گونجاودا سەردان بکات”.










له ZNA
Top