شێخ شامۆ: "جیاوازی لە نێوان پەكەكە و داعشدا نییە"

شێخ شامۆ:
پەكەكە، لە كەمپی چەمشكۆ، كە دەكەوێتە سنووری زاخۆ، دوو مێرمنداڵی دیكەی تەمەن 13 ساڵ، كە خەڵكی شنگالن، بە زۆر بۆ سەربازگەكانی خۆیان لە چیا و چۆڵەكانی كوردستان دەگوازێتەوە. ئەوەیش ناڕەزایی خەڵكی ناوچەكەی بە دوای خۆیدا هێناوە. وەك خەڵكی ناوچەكە ئاماژەی بۆ دەكەن، هەر كاتێك ئەوان بیانەوێت بگەڕێنەوە، دەكوژرێن، بۆیە، وەك خۆیان دەڵێن: "هیچ جیاوازییەك لە نێوان پەكەكە و داعشدا نییە".



(شێخ شامۆ)، نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ (رۆژنامەی هەولێر) گوتوویەتی: "پەكەكە بۆ مەرامەكانی خۆی و ئەوانەی پاڵپشتی دەكەن، بەردەوام كار بۆ تێكدانی ڕەوشی شنگال و شنگالییەكان دەكات، پەكەكە لە (كەمپی چەمشكۆ ) كە دەكەوێتە سنووری زاخۆ، دوو مێرمنداڵی تەمەن 13 ساڵی، كە خەڵكی شنگالن، هەڵخەلەتاندوونە و بە زۆر بۆ سەربازگەكانی خۆی لە چیا و چۆڵەكانی كوردستان گواستوونەتەوە، بردنی ئەو مێرمنداڵانە لە كاتێكدایە، كە بە پێی یاسایی پەكەكە، هەر كاتێك ئەوان بیانەوێت بگەڕێنەوە ناو كەسوكاری خۆیان، دەكوژرێن، بۆیە هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئەوان و داعشدا نییە، بە هۆی ئەو زۆردارییەی لە كوردانی ئێزدی دەكەن، هەر نەك ئەوە، بەڵكو پەكەكە بەردەوام لەناو كەمپەكان و هەتا لەسەر چیای شنگال كار بۆ هەڵخەڵەتاندنی كوڕ و كچانی ئێزدی دەكات و بە زۆر دەیانباتە ناو ڕیزەكانی خۆیانەوە."

(شامۆ) گوتیشی: "هۆكاری هەڵخەڵەتاندنی ئەو مێرمنداڵانە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پەكەكە بەردەوام بۆ ئەوانە باس لەوە دەكات، كە شنگال دەكەینە كانتۆن و ئەو شتانەی تا ئێستا بۆ ئێوە بە دەست نەهاتوونە بە دەست دەهێنین. بۆیە، پێویستە خەڵكی ئێمە ئاگادار بن و، بەو قسانەی پەكەكە هەڵنەخەڵەتێن و بە دوای ئەوان نەكەون و ژیانی خۆیان نەكەنە دۆزەخ، چونكە ئەوان بەس بۆ مەرامی خۆیان ئەو كارە دەكەن و دەیانەوێت كوڕ و كچانی كوردانی ئێزدی بكەونە چیا و چۆڵەكانی كوردستان و بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆیان بەكاریان بهێنن."

ئەو هەروەها دەشڵێت: "پەكەكە باج لە كوردانی ئێزدی وەردەگرێت، هۆكاری وەرگرتنی ئەو باجەیەیش بۆ ئەوە بووە كە پەكەكە بەو خەڵكەی ڕاگەیاندووە ئێمە لەو ڕوویەوە هاوكاریی كوردانی شنگال دەكەین، بە تایبەتی ئەوانەی لەناو كەمپەكان دەژین، بەڵام تا ئێستا جگە لە ئاژاوە و دووبەرەكی و تێكدان، یەك دینار هاوكاریی ئەو ئاوارانەی نەكردووە، بۆیە ئەوە بەس بە ناوی شنگالەوە بووە و دەیانەوێت كوڕ و كچانی ئێزدی لەناو ئاگری خۆیان بسووتێنن و، شنگال لە كوردستان جیا بكەنەوە و، چیای شنگال چۆڵ بكرێت و بیكەنە قەندیلی دووەم، بەڵام ئەوە خەونە و هەر كاتێك سنووری شنگال بە تەواوەتی ئازاد كرا و خەڵكی ناوچەكە گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەو یارییەی پەكەكە بە خەڵكی شنگالی دەكات، پێچەوانە دەبێتەوە و ناچار دەبێ شنگال و ناوچەكانی دیكە چۆڵ بكات."
Top