لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان: پێشوازی لە راپۆرتی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ دەکەین
پێویستە هەماهەنگی هەمەلایەنەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەبێت بۆ یارمەتیدانی ئەو ئافرەتانەی لە دەست داعش رزگار دەکرێن
رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ کە رۆژی چوارشەممەی رێکەوتی 6/4/2016 بە ناوی (ژیانی ئافرەتانی ژێردەستی داعش) بڵاوکراوە، لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە راپۆرتەکە راگەیاند و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی ئابووری و شەڕێکی سەپێنراودایە، بەڵام گرنگییەكی زۆری بە ئاوارە و پەنابەران بە گشتی و ئافرەتە ئێزیدییەكان داوە و لە هەوڵی بەردەوام بووە بۆ كەمكردنەوەی ئازارەكانیان و نەهێشتنی كەموكوڕیەكان،لە لایەنی تەندرووستی جەستەیی و دەروونی و دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان، بەتایبەتی لەبواری منداڵبوون و دایكایەتی. کە ئەمەش دەقەکەیەتی:
لە روانگەی بڕوا بوونی بە پرەنسیپەکان مافی مرۆڤ و کار کردن لە پێناو چەسپاندنیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو راپۆرتانە دەکات دەربارەی هەرێمی کوردستان لەلایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە دەردەچن و ئامادەی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەکی پێویستین لەگەڵ ئەو لایەنانە بۆ دەرخستنی راستییەکان و پتەوکردنی بنەماکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەو راپۆرتەی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ دەکات کە رۆژی چوارشەممەی رێکەوتی 6/4/2016 بە ناوی (ژیانی ئافرەتانی ژێردەستی داعش) بڵاوکراوە، لە هەمان کاتدا هاوڕاین لەگەڵی کە پێویستە هاوکاری زیاتری ئەو ئافرەتانە بکرێت کە لەژێر دەستی داعش رزگاریان دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی، لەوانەش رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) کە پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام و درێژ خایەن هاوکاری حکومەتی هەرێم بکەن لەم رووەوە، چونکە ئەم تەحەددییاتانە درێژخایەن و بەردەوامن بۆیە پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری و هەماهەنگی بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پێشکەوتوو و باشتر مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکرێت. رێکخراوی (هیومن رایتس وۆچ) لە راپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی ئابووری ئاستەنگی درووستکردووە لەرووی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بە ئاوارە و پەنابەران.
دوای داگیرکردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە (٦٢٨٤) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندران لەوانە ٣٤٦٧ مێ و ٢٨١٧ نێر حكومەتی هەرێم هەوڵەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ رزگارکردنیان، لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئافرەتە ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا و دەستپێكردنەوەی ژیانێكی ئاسایی. هەروەها هەوڵیداوە لە كەمپەكان ئافرەتان وشیار بكرێنەوە بە مافەكانیان لە هەموو بوارەكاندا و لەو چوارچێوەی حکومەت لەم بوارەدا تا ئێستا توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن و هەوڵەکانی حکومەت بەردەوامن لەم بوارەدا.
حكومەتی هەرێم لێژنەیەكی دامەزراندووە بۆ بە جینۆساید ناساندنی كە پێكهاتووە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئەركی سەرەكی ئەم لێژنەیە كۆكردنەوەی زۆرترین بەڵگە و دوكیۆمنتە لەسەر تاوانەكانی داعش و لەم بوارەوە تا ئێستا بە هەزاران بەڵگە لەسەر ئەم تاوانە كۆكراونەتەوە، هەروەها چەندین لێژنەی لاوەكی دامەزراوە لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان لە ئەمریكا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵەندا، یەكێتی ئەوروپا و دەستیان بە كارەكانیان كردووە بۆ ناساندنی ئەم كەیسە بە جینۆساید و پێشكەش كردنی بەڵگە پەیوەندیدارەكان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای.
رۆژانە هاووڵاتیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش روو دەکەنە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەو بارودۆخە ئابوورییە سەختەی هەرێم پێشوازییان لێدەکات و لە کەمپەکان نیشتەجێیان دەکات و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانیان پێشکەش دەکات، هەروەها بە دەیان هەزار لەو ئاوارە عەرەبانە لە دەرەوەی کەمپەکان و لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان نیشتەجێن.
بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کەمپەکان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر بۆ دڵنیا بوون لە ناسنامەکانیان، چونکە ئێستا ژمارەیەک لە تیرۆریستانی داعش لە نێو ئەو خانەوادە ئاوارانەی کە روویان کردۆتە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە دزەیان کردووە و دواتر لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، هەروەها چەند جارێک لە کاتی پشکنینی ئەو کەسانە لە ساترەکان و خاڵەکانی پشکنین چەکی جۆراوجۆریان پێ بووە و ویستوویانە بیهێننە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پێشمەرگە، گيراون.
ئێمە لە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتی رێکخراوی هیومن رایتس وۆچ بە هەندی وەردەگرین و لە کاتێکی زوودا وەڵامی راپۆرتەکە بە زانیاری و داتای ورد دەدەینەوە.
