شەبەك: ناگەڕێینەوە سەر ئیدارەی مووسڵ و نامانەوێ سوپای عێراق ناوچەكەمان بپارێزێت
(سالم جومعە شەبەك) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە زیاتر لە 400 هەزار كوردی شەبەك دەبین، زۆربەیان لە سنووری بەرتلە و تلكێف و 56 گوندی دەوروبەری مووسڵ دەژین".
(شەبەك) گوتیشی: "ئەو هێزەی بۆ ئێمە پێك هێنراوە، 655 پێشمەرگە لە خۆ دەگرێت، كە لە ڕێگەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دروست كراوە و، ئێستا لە میحوەری خازر بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن، ئەوان لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی مووسڵدا دەكەن، هەروەها نامانەوێ سوپای عێراق ناوچەكەمان بپارێزێت، بەڵكە دەخوازین هێزەكانمان بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ناوچەكە بپارێزرێت".
سەرۆكی دەستەی ئەنجوومەنی شەبەك، داواش دەكات بە زووترین كات ناوچەكانیان ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان دهشڵێت، بە هیچ شێوەیەك قەبووڵ ناكەین جارێكی دیكە بگەڕێینەوە سەر ئیدارەی مووسڵ، ناوچەكانی ئێمە دەكەونە سنووری ماددەی 140، ئێستایش ئەو ماددەیە جێبەجێ كراوە و ناوچەكانی ئێمەش بەشێكن لە هەرێمی كوردستان، بۆیە جارێكی دیكە ئێمە وەكو كوردانی شەبەك ناگەڕێینەوە سەر ئیدارەی مووسڵ".
