شاندی هەرێمی کوردستان و عەبادی گۆڕانکارییەکانی حکوومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەی نێوان شاندی هەرێمی کوردستان کە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجام درا، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گرنگیی هاریکاری و هەماهەنگی و کاری هاوبەش، بۆ زاڵبوون بەسەر مەترسییەکانی داعش کراوە. ئەوەشی ڕوون کردەوە کە هەر لە کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چاکسازییەکان و گۆڕانکارییەکانی حکوومەت کراوەتەوە و جەخت لەسەر پشتیوانی کردنی ئەو چاکسازییەکانە کراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، حەیدەر عەبادی ڕای گەیاندووە: ”ئازاکردنەوەی مووسڵ سەبارەت بە ئێمە و هاوکاری و ڕێککەوتن لەبارەی شارەکە و یەکلایی کردنەوەی شەڕەکان لە نزیکترین کات، لەگەڵ گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ پارێزگای نەینەوا، جەختی لێ کراوەتەوە“.
ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق، لەگەڵ جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبوونەوە و چەند پرسێکی هەنووکەیی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
باسنیوز
