ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەیەکی ڕووسیایی بۆ بەشداریکردنی پەیەدە لە جنێڤ ڕەتکردەوە
ڤیتاڵی چۆرکن، نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە، بڕیارەکەی بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامدانی گفتوگۆی فرەلایەنە لەسەر بارودۆخی سووریا ناوبرد و وتی "ئەنجامدانی گفتوگۆی فرەلایەنە داواکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە سووریا"، هەربۆیە، ڤیتاڵی چۆرکن، بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی بە دژی بڕیاری پێشتری نەتەوەیەکگرتووەکان وەسف کرد و پێی وابوو
بەو شێوەیەگفتوگۆکان نابنە ھۆی بەرقەراربوونی ئاشتی لە سووریا.
لەلایەکی دیکەوە، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، بەر لە 11ی نیسان،کە خۆلێکی دیکەی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاشتی لە سووریا، لە جنێڤ دەست پێدەکاتەوە، ستیڤان دیمستۆرا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی مۆسکۆ دەکات و گەشبینە بەو سەردانە کە گۆڕانکاریی گەورەی لێ بکەوێتەوە.
