سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم راگه‌یه‌نراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم راگه‌یه‌نراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌
سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند، بە پێزانینێكی زۆرەوە یادی دەركردنی ئەو بڕیارەی‌ ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ده‌كاته‌وه‌ لە 5ـی نیسانی 1991 ده‌ریكرد و تێیدا بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دامەزرا.

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ رایگه‌یاند "بڕیاری ژمارە 688ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە 5ـی نیسانی 1991 كە تێیدا بە پشتیوانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوچەی دژەفڕین لە كوردستان دامەزرا، بڕیارێكی بوێرانە و مێژوویی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە هەڕەشە و پەلامارەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق. ئەم بڕیارە لە ئەنجامی نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بارودۆخی خەڵكی سڤیل و ئاوارەكان و هەورەها هەوڵی وڵاتانی زلهێز هاتە كایەوە".

وتیشی‌ "بڕیاری 688 جێبەجێكردنی پڕەنسیپی دەستێوەردانی مرۆڤیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو بۆ ڕێگەگرتن لە تیاچوونی خەڵكی سڤیل كە لە ئەنجامی شەڕ و كاولكارییدا ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەوە".

سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییش بڕیارێكی ڕاست و ڕەوا بوو و خزمەتی پاراستنی خەڵكی كوردستانی كرد و كوردستان توانی خۆی بپارێزێت و گەشە بە بوونی خۆی بدات.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، هەر لە ئەنجامی ئەو بڕیاره‌ هەرێمی كوردستان بوو بە فاكتەرێكی ئیجابی بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و خزمەتی بەرژەوەندیی ناوچەكە و جیهانی بە گشتی كرد و ئێستایش لە سەنگەری یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر.









خه‌ندان
Top