سەرۆک بارزانی بە بۆنەی جەژنی قیامە: هزری توندڕۆیی ناتوانێ درز بخاتە نێوان پێكهاتەكانی كوردستانەوە
دەقی پەیامی سهرۆکی ههرێمی کوردستان لە جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیحدا (سڵاوی خوای لێ بێت):
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خوشك و برا مەسیحییەكان لە كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم.
سوپاس بۆ خودای گەورە گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە خاوەنی كولتووری دەوڵەمەند و مرۆڤپارێزانەی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازە، كە ڕیشەی لە مێژوودا هەیە و هزری توندڕۆیی و تیرۆر بە هیچ شێوەیەك ناتوانێ ئەو كولتوورە لاواز بكات و، درز لەنێو پێكهاتەكانی كوردستان دروست بكات.
لەم بۆنە پیرۆزەدا جارێكی تر دووپات دەكەمەوە كە ئێمە هەموومان لە وڵاتەكەماندا یان پێكەوە دەمرین یان بە سەربەرزی پێكەوە دەژیێن. تیرۆریستانی دوژمنی خودا و مرۆڤایەتی لەسەر دەستی پێشمەرگە تووشی شكست هاتوونە و، خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە ناوچەكانیان و پێویستە لە دوای لەناوچوونی تیرۆریستان، ڕێوشوێنی و دڵنیاییەكی وا بە خوشك و برا مەسیحییەكانمان و پێكهاتەكانی تر پێ بدرێت كە بتوانن بە ئاسوودەیی و ئاشتی بژیین و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
خوشك و برا و هاووڵاتیانی مەسیحیی كوردستانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا لە سایەی كولتووری پێكەوەژیانی كوردستان وەك پێكهاتەكانی دیكە، بە یەكسانی ژیان بەسەر دەبەن و ئاسایش و كەرامەت و مافەكانیان پارێزراوە.
جارێكی دیكە پیرۆزبایی ئەم جەژنەتان لێ دەكەم و هیواخوازم ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەكەمان و هەموو جیهاندا بكێشێت.
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
27-3-2016
