سەرۆك بارزانی: پەیمانم داوە نەبمە سەرۆکی کوردستانی سەربەخۆ
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو هەڤپەیڤینەدا باس لە چەند پرسێکی ئێستای هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا و باکووری کوردستان، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، تورکیا هەروەها باسی سەربەخۆبوونی کوردستان و نەچوونە سەر کورسی دەسەڵاتی لە دەوڵەتی کوردستان و گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا دەکات.
"ئامانجی من ئەوەیە کوردستانێکی سەربەخۆ بنیاتبنێم"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سنوورەکانی دەوڵەتی کوردستان دەڵێ " لە ماددەی 140 لە دەستووری عێراقدا کە هەرگیز لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە جێبەجێ نەکراوە هاتووە: دەتواندرێت ریفراندۆم لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا ئەنجامبدرێت لە کەرکووک و لە شنگال، ئەگەر خەڵکی لەو ناوچانە گوتیان دەیانەوێت بچنە پاڵ کوردستان، دەبێت دەنگیان ببیسترێت و، ئەگەر نەیانویست ببن بە بەشیک لە کوردستان بەهەمان شێوە دەبێت رێز لە دەنگیان بگیرێت".
بەئاماژەدان بەوەی "تاوەکو ئەو کاتە لە دەسەڵات دەمێنێتەوە" سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ " ئامانجی من ئەوەیە، کوردستانیکی سەربەخۆ بنیاتبنێم، نەوەک وەکو سەرۆک بمێنمەوە".
" ئەمساڵ گشتپرسی ئەنجامدەدەین"
بارزانی رایدەگەیەنێت هێشتا کار لەسەر پرسیاری گشتپرسییەکە دەکەن روونیشی دەکاتەوە " زۆر بەدڵنیاییەوە ئەگەر شتێکی وا روونەدات کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەدا بێت ئەمساڵ هەوڵدەدەین گشتپرسی ئەنجامبدەین و پێموابێت دەگاتە پێش مانگی ئۆکتۆبەر".
"ئەردۆغان لە هەموان باشتر لە کەیسی کورد تێدەگات"
ئەگەر کوردستانیکی سەربەخۆ دابمەزرێت، تورکیا دەبێتە یەکێک لە دراوسێکانی ئەو وڵاتە، لەو بارەیەوە بارزانی دەڵێ " سەرەتا تورکیا لەدژی فیدراڵییەتی باشووری کوردستان بوو، بەڵام ئێستا سەیری پەیوەندییەکانمان بکە، ئەگەر گشتپرسییەکەمان تەنیا بۆ کوردستانی عێراق بێت و هیچ پەیوەندی بە کوردانی تورکیاوە نەبێت ( هیچ کێشەیەک نابێت)، بۆیە هیوادارین تورکیا لەوە تێبگات کە کوردان داوای دەکەن و، ئێمە لەهەمان کاتدا قسە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و ئێران و تورکیاش دەکەین، چونکە دەمانەوێت ئەو پرۆسەیە بە شێوەیەکی ئاشتیانە ئەنجام بدەین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەش دەدات " کاتیک رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو هاتە هەولێر و گوتی: سەردەمی نکۆڵیکردن لە کوردان کۆتایی هاتووە، ئەمەش گەشەسەندنێکی گرنگ بوو و، من چەندین جار ئەردۆغانم بینیوە، ئەو لەهەمووان زیاتر لە کەیسی کوردان تێدەگات و ئەوەی من لەئەردۆغانەوە بیستوومە لە هیچ کەسێکی دیکە نەمبیستووە".
" دەبێت پەکەکە شنگال جێبهێڵن"
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال دەڵێ " بە دڵنیاییەوە دەبێت پەکەکە شنگال جێبهێڵن و، ئێمە دەمانەوێت ئەوان شنگال بەجێبهێڵن، بەڵام نەک بەهۆی بەرەنگاربوونەوە و هێزەوە"، هەورەها دەڵێ " هەرچەندە ئەمریکییەکان دەستوەرنادەنە کێشە ناوخۆییەکانمان، بەڵام ئەوانیش دەزانن بوونی پەکەکە لە شنگال هیچ نرخێکی نییە".
" هەر یارمەتیدانێکی پەیەدە مانای یارمەتیدانی پەکەکەیە"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ " کۆنسێپتی فیدراڵیزم لەگەڵ دۆخی سووریا دەگونجێت" و، پێی وایە پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و پەکەکە یەکێکن و دەڵێ " ئەوان هەردووکیان یەک شتن، ئەمریکییەکانیش باش ئەوە دەزانن، بەڵام نایانەوێت بڵێن ئەوان ئەمە دەزانن، گرنگترین شت لای ئێمەش و ئەمریکییەکانیش شەڕی داعش بۆیە رەنگە ئەوان چاوی خۆیان لەبەرامبەر ئەو راستییە دابخەن".
"دەتوانین کوردستانیکی سەربەخۆشمان هەبێت و دراوسێی موسڵیش بین"
بارزانی رایدەگەیەنێت هیچ پەیوەندییەک لەنێوان موسڵ (نزیکترین شار لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لەژێر دەستی داعشە) و سەربەخۆیی کوردستاندا نییە و دەڵێ " کورد راهاتوونە لە ژیان لەگەڵ دراوسێی هاوشێوە"، دەشڵێت "بۆچی ئێستا کاتی گونجاو نەبێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی؟ لە کاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا شکستیان هینا".
"ئەگەر گەندەڵییەکتان لە من بینی بانگی دادگام بکەن"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتەکانیدا باس لە گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ " لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی دادوەری کۆبوومەتەوە و پێمگوتوون هیچ کەسێک بەدەر نییە لە داگاییکردن، ئەگەر شتێکتان لەسەر من دۆزییەوە بانگم بکەن و من دێمە بەردەم دادگا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی کوڕم بەهەمان شێوە دەبێت بێنە بەردەم دادگا ئەگەر شتێکیان لەسەر هەبوو. سەرەتا دەبێت لە خێزانی خۆمەوە دەستپێبکەین، دواتر پارتی ئیجا حیزبەکانی دیکە".
لە کۆتاییشدا بارزانی ئاماژە بەوە دەدات" گەندەڵی کێشەیەکی گەورەی ئێمەیە بۆیە چۆن دژی داعش بە هەموو هێز و توانایەکمانەوە شەڕمان کرد، بەهەمان شێوە شەڕ لە دژی گەندەڵیش دەکەین".
"ئەوانەی دژی سەربەخۆیین با بڕۆن رێگایەکی دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە"
سەبارەت بە هاوکارییەکانی پارتە سیاسییەکان بۆ پرۆژەی سەربەخۆیی کورستان، سەرۆك مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا لە هەماهەنگیدایە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان رۆڵێکی روخێنەر دەبینێت لەو پرسەدا و رایدەگەیێنێت: "سەربەخۆیی کوردستان لە پەرلەمان گەورەترە، هەر کەسێکیش نایەوێت ببێتە بەشێک لەو هەوڵانە بۆ سەربەخۆیی با بڕوات رێگای تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە".
رووداو -
