داوای كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی لوبنان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

 داوای كردنه‌وه‌ی كونسڵخانه‌ی لوبنان له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت
له‌میانه‌ی دانیشتنێكیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌شتیاریی لوبنان ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان هیوای خواست كە لوبنان بە ئەزموون و پسپۆڕی، بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی گەشتیاریدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و لەمبارەیەوە سوود بە هەرێم بگەیەنێت.



ماڵپه‌ری فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (19 - 3 - 2016) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە میشال فرعۆن، وەزیری گەشتیاریی لوبنان و شاندێكی یاوەری كرد كە بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گەشتیاری لە هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە.



لە دیدارێكدا باس لە كار و چالاكییەكانی ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان كرا و لەمبارەیەوە وەزیری گەشتیاریی لوبنانی سوپاس و پێزانینی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە كە ڕەوەندی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی باشی كار و وەبەرهێنانیان دەستكەوتووە و وەك ئەوەی لە وڵاتی خۆیاندا بن ژیان بەسەر دەبەن.



هەروەها باسی لە بواری گەشتیاری لە لوبنان كرد و تیشكی خستە سەر ئەو بوارانەی كە دەكرێت لوبنان تیایاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بە پێشكەشكردنی شارەزایی و پسپۆڕی و ئەزموونی سەركەوتووی لوبنانی لە بواری گەشتیاریدا. جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان زەمینەیەكی لەباری بۆ گەشتیاری هەیە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەكانی لوبنان دەتوانن هاوكارییەكی باشی هەرێمی كوردستان بكەن.



لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی فرعۆن دەربڕی و هیوای خواست كە لوبنان بە ئەزموون و پسپۆڕی، بەتایبەتی لە بواری خزمەتگوزاریی گەشتیاریدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات و لەمبارەیەوە سوود بە هەرێم بگەیەنێت.لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە باس لە دوایین پەرەسەندنەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە ناوچەكە و بەتایبەتی لە سووریا كرا و تیشك خرایە سەر لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەو شەڕە لەسەر تەواوی ناوچەكە بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی كە لە ڕووداوەكانەوە نزیكن وەك لوبنان و وڵاتەكانی دیكەی دەوروبەری سووریا و عێراق. هەروەك خواستی ڕەوەندی لوبنانی بۆ كردنەوەی كونسوڵخانەیەكی وڵاتەكەیان لە هەرێمی كوردستان خرایە ڕوو تا بتوانێت زیاتر گرنگی بە كاروباری ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان بدرێت.



تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر بەغدا و چۆنیەتی هەماهەنگیی زیاتری نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ لوبنان بەتایبەتی لەبواری گەشتیاریدا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەریه‌ك له‌ سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و وەزیری گەشتیاری لوبنان، دیاری و یادگاریان گۆڕییەوە.





باسنیوز
Top