مه‌سروور بارزانی: كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌بێته فاكته‌ری سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا
ئه‌مڕۆ 17ی ئاداری 2016 (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له شاندێكی باڵای تیمی كاری ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تلانتیك به سه‌رۆكایه‌تی رایان كرۆكه‌ر باڵیۆزی پێشووتری ئه‌مریكا له عێراق كرد، كه پێكهاتبوو له كنیث پۆڵاق شاره‌زا له كاروباری سیاسی و سه‌ربازی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نوسه‌یبه یونس شاره‌زا له كاروباری سیاسی عێراق و رێكخراوی تیرۆریستی داعش، مایكل نایتس پسپۆر له كاروباری ئاسایش و سه‌ربازی عێراق و وڵاتانی كه‌ندا و پیته‌ر گالبرێث دیپلۆماتكاری پێشووتری ئهمریكاو نووسه‌ری كتێبی كۆتایی عێراق.
له دیدارێكدا بیروڕا له‌باره‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی ناوچه‌كه و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و ئایندهی عێراق و درزی نێوان پێكهاته‌كانی ئالوگۆڕكرا و دووپات له‌وه كرایه‌وه، كه له پێناو چاره‌سه‌ری جیاوازییه‌كان و چه‌سپاندنی ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی ناكرێ هه‌ڵه‌كانی رابردوو له ناوچه‌كه دووباره بكرێته‌وه.
مه‌سروور بارزانی له وته‌یه‌كیدا تیشكی خسته سه‌ر رهگوڕیشه و هۆكاری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌كان و رایگه‌یاند، كاتی ئه‌وه هاتووه رۆژئاوا چاره‌سه‌ری ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه بكات، كه پێش 100 ساڵ له ناوچه‌كه‌دا كراوه.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئێمه له عێراق زۆر له بژارده‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی پێكهاته سه‌ره‌كیه‌كانمان تاقیكردۆته‌وه، با بژارده‌ی دیكه‌ش تاقیبكهینهوه و گوتی: كوردستانی سه‌ربه‌خۆ تاكه بژارده‌یه، كه تا ئێستا تاقینه‌كراوه‌ته‌وه و بێگومان ده‌بێته فاكته‌ری سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر ناتوانین پێكه‌وه له یه‌ك وڵات‌دا بژین، ده‌كرێ دوو دراوسێی باشی یه‌كتری بین. هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، كه ناكرێ گه‌لی كوردستان باجی هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیكه بدات و چاوه‌ڕێی كاتی گونجاو بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له هیچ سه‌رده‌مێكدا عێراق وڵاتێكی سه‌قامگیر نه‌بووه و گوتی: ئێستا ئه‌وله‌ویه‌تی ئێمه شه‌ڕی داعشه، به‌ڵام ناكرێ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بكرێته بارمته‌ی ئه‌و شه‌ڕه، چونكه گرنگه ئه‌م ریفراندۆمه ئه‌نجام بدرێ بۆ زانینی ئه‌وه‌ی كورد چی ده‌وێ، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه پێویسته و كاتی هاتووه گوێ له گه‌لی كوردستانیش بگیردرێ، كه داواكارییه‌كانی چین.
دواتر ئاماده‌بووان ژماره‌یه‌ك پرسیاریان كرد و راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی یه‌ك به یه‌كی پرسیاره‌كانی دانه‌وه.
جێی باسه تیمی كار له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تلانتیك له 25 پسپۆر و شاره‌زا پێكهاتووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له چۆنیه‌تی چاره‌كردنی كێشه‌كان و ئایندهی عێراق، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستانن، كه دواتر ئه‌نجامی دیداره‌كانیان له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی ئایندهی عێراق ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ست بڕیارسازانی ئه‌مریكا.
