زۆربەی خوكوژەكانی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك منداڵ بوون
شەوی رابردوو 11-3-2016 چەكدارانی داعش لەڕێگەی شەش خۆكوژەوە هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە لە میحورەی رۆژائاوای كەركووك، هێرشەكەش لەلایەن پێشمەرگە وەڵامدرایەوە و سەرجەم خۆكوژەكان بەرلەوەی بگەنە نێو سەنگەرەكان، بە فیشەك لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندرانەوە.
كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووك گوتی "پێشئەوەی تیرۆرستان كە خۆكوژ بوون، بگەنە سەنگەرەكان و دەستبكەنەوە، بە گوللەی پێشمەرگە تەقێندرانەوە یان برینداركران".
كەمال كەركووكی ئاماژەی بەوەش كرد، پێشمەرگە شوێن بریندارەكانیش كەوتووە، بۆیە ناچاربوون ئەوانیش خۆیان بتەقێننەوە.
بەپێی زانیارییەكان زۆبەی خۆكوژەكانی داعش منداڵ بوون.
لەو هێرشەداچەكدارانی داعش بەنیازبوون دوای خۆتەقاندنەوەی خۆكوژەكان، هێرشی فروان بكەنە سەر پێشمەگە و دەست بەسەر لیوای دووی پیادەی هێزی پشمەرگه دا بگرن، بەڵام وەك پێشمەرگەكان دەڵێن "بەتووندی بەرپەرچیان داونەتەوە و ناچاریان كردوون پاشەكشە بكەن".
لە هێرشكەی چەكدارانی داعشدا جگە لە سێ بریندار، پێشمەرگە زیانی گیانی نەبووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی زوو بە پلانەكەیان زانیوە و لێیان هاتوونەتە دەست.
پێشمەرگەیەك لە میحوەری رۆژئاوای كەركووك گوتی "ئەو تیرۆریستانەی هاتن خۆكوژ بوون، نزیكەی شەش بۆ حەوت چەكدار دەبوون، بەڵام سوپاس بۆ خودا توانیمان بیانكوژین. پارێزگاری لە كەركووك و كوردستان دەكەین تاوەكو دڵۆپەیەك خوێنمان مابێت".
بەپێی زانیارییەكانی پێشمەرگە، چەكدارانی داعش بەنیازن بۆ تۆڵكردنەوە هێرشی دیكە ئەنجامبدەن، بەڵام وەك پێشمەرگەكان خۆیان دەڵێن ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكن.
رووداو
