جۆرە پەینێکی کیمیاوی زیانبەخش هاوردەی باشووری کوردستان کراوە

جۆرە پەینێکی کیمیاوی زیانبەخش هاوردەی باشووری کوردستان کراوە
جۆرە پەینێکی کیمیاوی زیانبەخش هاوردەی باشووری کوردستان کراوە، کە رووەکی بچووک دەکوژێت و زیان بە زەوی کشتوکاڵی و بەروبوومی جوتیاران دەگەیێنێت، لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵیش هۆشداری دەدەنە جوتیاران سوود لەو پەینە وەرنەگرن.

غەریب پێنجوێنی، جێگری سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "پێویستە جوتیارە هەناسە ساردەكانی كوردستان ئاگاداربكەینەوە، كە ئەو پەینە بەكارنەهێنن و دووكاندارانیش نەیفرۆشن".

جۆری ئەم پەینە (داپە)، کە لەلایەن کۆمپانیای گەوهەر شیما بەها لە وڵاتی ئێرانەوە و لەڕێگەی مەرزی باشماخ هێندراوەتە باشووری کوردستان، وەزارەتی کشتوکاڵیش بێ ئاگایی خۆی لە هێنانی ئەو پەینە راگەیاند.

پەینەکە لە مانگی 9ی ساڵی رابردوو هاوردەی باشووری کوردستان کراوە، بەشێکی زۆری جوتیاران بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاریان هێناوە.

بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ جۆری ئەو پەینە دەبێت رێژەی فسفۆڕەکەی 46% بێت. رێژەی نایترۆجینەکەی 18% بێت. ئەوە لەکاتێکدایە دوو جار پشکنین بۆ ئەم پەینە زیانبەخشە کراوە کە فسفۆڕەکەی 0.4% و نایترۆجینەکەشی 6% دەرچووە.
Top