ڕۆیتەرز: دەبێت دەوڵەتێک بۆ کوردان درووست بکرێت

ڕۆیتەرز: دەبێت دەوڵەتێک بۆ کوردان درووست بکرێت
لە ئاژانسێکی ئەمریکیدا وتارێک سەبارەت بە ١٠٠ ساڵەی (سایکس بیکۆ) بڵاو کراوەتەوە و تێیدا جەخت لەسەر زەروورەتی درووست کردنی دەوڵەتێک بۆ گەلی کورد کراوەتەوە.

لە وتارێکدا کە “پیتەر ڤان بیورن Peter Van Buren”، نووسەری کتێبی (چۆن بوومە ھۆکار بۆ شکستھێنانی جەنگێک لە پێناو خەڵکی عێراق) و فەرمانبەری پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ئەمریکیدا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە، بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا و ڕووسیا و ئێران، پێویستییان بە ھەماھەنگیی سەربازییە و پێیوایە کە دەبێت لە چارەسەرەکەدا شوێنێک بۆ دەوڵەتێکی ئیسلامی دیاری بکرێت، بە جۆرێک کە ئەو دەوڵەتە ببێتە نیشتمانێکی سوننەی عەرەبی، پێکھێنانیشی بە بڕوای نووسەرەکە، وا دەکات کە سەرەڕۆیی داعش سنووردار بکرێت و لە ڕووی جوگرافییەوە چوارچێوەیەکیان بۆ دیاری بکرێت.

ڤان بیورن پێیوایە کە دەبێت گفتوگۆی ھەمەلایەن بکرێت، چونکە ئاگربەستی ئێستای سووریا، کاریگەریی درێژخایەنی نابێت، بەتایبەتیش بەھۆی ئەوەی کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش لە نێو ئاگربەستەکەدا نییە.

بە بڕوای ئەو نووسەرە ئەمریکییە، لە ئەنجامی گفتوگۆ ھەمەلایەنەکەدا، دەبێت دەوڵەتێک بۆ کوردان درووست بکرێت کە تێیدا مافە نەتەوەییەکانیان پارێزراو بێت.
Top