دڵشاد شەھاب: دەبێ پێداچوونەوە بە یاسای وەزارەتەکان و ئەنجومەنی وەزیران بکرێ
دڵشاد شەھاب ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەو لیژنەیە لە گفتوگۆیەکی دا قسە لەسەر کەمکردنەوەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و ئامانجی کارەکانیان دەکا.
دڵشاد شەھاب سەرەتا ئاماژەی بەوە دا یەکێک لە ھەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەت کەمکردنەوەی فەرمانگەکانی حکوومەتە، گوتی: ھەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە ھەیکەلێکی گەورە لە حکوومەت ھەیە و پێویستی بە بچوککردنەوە و پێداچوونەوە ھەیە، ئامانجیش لەو کارە کەمکردنەوەی ڕۆتین و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە و لە لایەکی تریش کەمکردنەوەی ئەو خەرجییە ئیدارییانەیە کە لەو فەرمانگانە ھەیە.
ئەو ڕاوێژکارەی حکوومەت ئەوەی خستە روو، کارەکەیان بەو ئامانجەیە کە بچوککردنەوەی ھەیکەلی حکوومەت نەبێتە ھۆی تێکچوونی خزمەتگوزارییەکان و کاریگەریی نەبێت لەسەر خزمەتگوزارییەکان.
ئەو فەرمانبەران دڵنیا دەکاتەوە لەو پرۆسەیە حکوومەت ئەوان ناکاتە ئامانج: "ھیچ بڕیارێک نییە فەرمانبەران کەم بکرێنەوەن یان بنێردرێنەوە ماڵەوە، یان بخرێنە سەر وەزارەتێکی تر، تەنھا بۆ ڕێکخستەوەی ھەیکەلی حکوومەتە، ئەگەر فەرمانبەری زیادەش ھەبێت دەخرێنە ئەو شوێنانەی کە حکوومەت پێویستی پێیان ھەیە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە ھیچ بنەمایەکیان نییە کە دەگوترێن فەرمانبەران بەڕێ دەکرێن بۆ ماڵەوە یان دەخرێنە سەر وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی.
شەھاب پێشیوایە لیژنەکەیان جەختیان کردەوە تەرشیقی حکوومی و وەزارەتەکان بە مانای مووچەبڕین و بێکارکردنی فەرمانبەر و کارمەندان نایەت، بەڵکو رێکخستنەوەی میلاکات و ھێزی کارە لە چوارچێوەی وەزارەتەکاندا و گوڕوتین پێدانەوەی توانستی کارمەندانە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕای گەیاندووە پڕۆژە ھەیە ژمارەی وەزارەتەکان لە (١٩) وەزارەت و (٣) وەزیری ھەرێم کەم بکرێتەوە بۆ تەنھا (١٠) وەزارەت.
بەڵام دڵشاد شەھاب دەڵێ: تەڕشیقی حکوومەت ھەمووی دەگرێتەوە، بەڵام ھەنگاو بەھەنگاو پێیایدا دێین، ئەوەی لە لیژنەی خۆمان خەریکین پێوەندیی بە یەکخستن و کەمکردنەوەی فەرمانگەکانە، بۆ نموونە وەزارەتێک ٤ بۆ ٥ فەرمانگەی لە سنووری یەک ناحیە و قەزا ھەیە و ھەوڵ دەدرێ ئەو فەرمانگانە تێکەڵ بکرێن یان بخرێنە نێو یەک بارەگا بۆ ئەوەی خەرجی کەم بکرێنەوە و ڕۆتینات و ھاتن و چوونی ھاووڵاتیان کەم بکرێنەوە.
ئەو بەرپرسەی حکوومەت پێیوایە، بۆ تێکەڵکردنەوەی وەزارەتەکان دەبێ پێداچوونەوە بە یاسای وەزارەتەکان و یاسای سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت: "یەکخستنی وەزارەتەکان و تێکەڵکردنەوەیان لە ھەنگاوی دووەمی کارەکانمان دەبێت".
دوای کۆبوونەوەی لیژنەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ چەند وەزارەتێک بۆ وەرگرتنی پێشنیازەکانی کەمکردنەوەی فەرمانگەکان و تێکەڵکردنەوەیان، ئەو ڕاوێژکارەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ: وەزارەتەکان زۆریان ھەستیان بە بارقورسیی میلاک و فەرمانگەکانیان دەکەن و خۆشیان پێیان باش بووە فەرمانگەکانیان کەم بکرێنەوە، بەڵام ئەو دەرفەتە نەبووە، سەردەمێک کابینەی حکوومەت ٤٠ وەزارەت بووە و دوو وەزارەت و سێ وەزارەت تێکەڵ کراون، چەندین فەرمانگە تێکەڵ نەکراون ئێستا زەمینە لەبارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو فەرمانگانە و تێکەڵکردنەوەیان.
دلشاد شەھاب ئاشکرای دەکات بەھۆی کەمکردنەوەی فەرمانگەکان پارەیەکی زۆر لە خەرجیی کرێیی بینا و خەرجیی بەڕێوەبردن و پێداویستییەکان بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە کە بە ملیۆنان دینار دەقەبَڵێنرێت.
ئەو ڕاوێژکارەی حکوومەت جەخت دەکاتەوە کە ئەو پڕۆسەیە ماوەیەک دەخایەنێت: "قۆناخی یەکەمی کارەکانمان لەو ماوەیە تەواو دەبێت، بەڵام پرۆسەکە بەردەوامیی دەبێت".
بڕیار وایە ئەو لیژنەیە بە ڕاپۆرتێک ڕا و سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان بخەنە بەردەم لیژنەی باڵای دارایی رووبەروونەوەی قەیرانی دارایی لە ئەنجومەنی وەزیران.
باسنیوز
