سەرۆك بارزانی، و نێچیرڤان بارزانی، بەجیا لەگەڵ نوێنەری 7 وڵاتە بەهێزەكەی جیهان، كۆدەبنەوە
رۆژی دووشەممە 7-3-2016،سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزانی ئەمریكا، بەریتانیا، كەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سەرۆكی شاندێكی یەكێتی ئەوروپا و سەرۆكی بانكی جیهانی لە عێراق دەكات، دواتر باڵیۆز و نوێنەرانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆدەبنەوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق- یۆنامی، لە كۆبوونەوەكاندا قەیرانی دارایی و ئابووری و پرسی چاكسازیكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان باس دەكرێن، لەگەڵ هاوكاری و پشتیوانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، چارەسەركردنی كێشە سیاسییە نێوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكان دەبێت و باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان پێشنیازی خۆیان دەخەنەڕوو. هەر لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رەوشی ئەمنی هەرێمی كوردستان و پێشڕەویی و پێشكەوتنەكان دەكرێت كە لە دژی داعش تۆماركراون.
روداو
