وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەوامی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بڕیارێك دەدات

 وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەوامی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بڕیارێك دەدات

وەزارەتی پەروەردە، پارێزگاكانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان سەرپشك دەكات لەوەی رۆژانی پشوویش بكەنە دەوام، بۆ ئەوەی ئەو كاتانەی لە خوێندندا لە دەست چوون، قەرەبووی بكەنەوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپییەكی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، رۆژی یەكشەمە ٦/٣/٢٠١٦ لە سەرجەم خوێندنگاكانی هەرێمی كوردستان و هاوشێوەی وەزارەتەكانی دیكە، پشووی فەرمی دەبێت و دەوام نییە.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممەی كردە پشوو و وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەیشی سەرپشك كردبوو لەوەی ئەو رۆژە بكەنە پشوو یاخود نا.

بەگوێرەی راگەیێندراوێكی دیکەی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، دۆخی ڕابردووی هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، تا ئاستێك دۆخێكی تایبەت و نەخوازراو بوو و ئەمەیش كاریگەریی لەسەر خوێندن و دەوامی فەرمیی قوتابخانەكان هەبوو، بۆیە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی باشە، بۆ تەواوكردن و پڕكردنەوەی خوێندنی لەدەستچوو لەو سنوورانە، سوود لە پشووەكان وەربگیردرێت.

هەر لەراگەیێندراوەكەدا هاتووە، بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەستكراوەن لەسەر بڕیاردانی "بوون و نەبوون"ـی پشووە دیاریكراوەكانی حكوومەت و وەزارەت تا لەوە زیاتر قوتابیان و خوێندكاران وانەكانیان لێ نەفەوتێت و بتوانرێت ئەمساڵی خوێندن بە سەركەوتوویی تەواو بكرێت.


Top