293 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەكان فۆڕمیان گەیشتووەتە وەزارەتی شارەوانی بۆ پێدانی زەویی

 293 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەكان فۆڕمیان گەیشتووەتە وەزارەتی شارەوانی بۆ پێدانی زەویی
سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر و دەوروبەری لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی زەوی بۆ كرێنشینان، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی هەولێریش دەڵێت لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە داوامان لێ‌كراوە شوێنی زەوییەكان دابین بكەین.



ئەمڕۆ پێنجشەممە 3 – 3 – 2016 ئەندازیار "نەبەز محیەدین" بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی هەولێر ڕاگەیاند: بە نووسراوی فەرمیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوامان لێ‌كراوە شوێنی زەوی بۆ كرێنشینان دابێن بكەین و ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوەمان كردووە و 293 هەزار فەرمانبەری وەزارەتەكان فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕ كردووەتەوە و گەیشتووە بە وەزارەتی شارەوانی تا وردبینیی تێدا بكرێت."



بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانی هەولێر ئەوەش دەخاتەڕوو: "ئەو هەڵمەتە 3 تا 6 مانگ دەخایەنێ‌ تا ڕێكاری یاسایی و هێڵكاری بۆ زەوییەكان دەكرێت و قەرەبووی خاوەنەكانیان دەكرێتەوە و زەوییەكان لە دەرەوەی هەولێر دیاری كراون و وەكوو پێشنیار خراوەتەڕوو كە كاری لەسەر بكرێت كە بریتین لەم شوێنانە (بنەسڵاوە، كەسنەزان، قوشتەپە، شەمامك، بەحركە).



ئاماژە بەوەش دەكات كە پێشنیاری ئەوە كراوە هەر فەرمانبەرێك بەپێی شوێنی لەدایكبوونی خۆی زەوی پێ بدرێت جا لە هەر شارێك بێت و نازانن تا چەند ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشنیارەكە قەبووڵ دەكات و دەشڵێت دوای ڕەزامەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی زەوی بە قۆناغبەندی دەبێت نەك هەمووی پێكەوە.





باسنيوز
Top