کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات

 کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات

کۆبوونەوەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییهات و بڕیارە پاش کەمێکی دیکە راگەیێندراوێك سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاوبکەنەوە. سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵيش دەڵێت هەموو ئەگەرەکان واڵان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بە مانگرتنیشەوە.

مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان پێش كۆبوونەوەكە رایگەیاندبوو " سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەبێ جیاوازی دەنگ و رەنگ کۆدەبینەوە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی سەرجەم ئەو پرسانەی لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتە پێش بە گشتی و بەجددی قسە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەین".

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ گوتبووشی "ئێمە داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین بەجیددی بەدەم داواکەمانەوە بێ بۆ خێرا کاراکردنەوەی پەرلەمان، بۆئەوەی بتوانین هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بین بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانەی هاتوونەتە پێش و بتوانین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین، تاوەكو بتوانین بەهەموو لایەک هەوڵبدەین قەیرانەکان گەورەتر نەبن و چارەسەریان بکەین".

مەڕوان گەڵاڵی ئاماژەی بەوەش کردبوو" پەرلەمانی کوردستان بە بڕیارێکی حیزبی پەکخراوە و ئێمە داوا دەکەین سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە پەرلەمان لەگەڵ جێگر و سکرتێری پەرلەمان دەست بە دانیشتنەكان بكەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، بۆیە تاوەکو سەرۆکی پەرلەمان نەگەڕێتەوە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان ئەنجام نادرێت و ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەموو هەوڵێک دەدەین، ئەگەری مانگرتنیش کراوەیە".
















رووداو
Top