ئەمریکا سەرکردەیەکی داعش لە عێراق دەستگیر دەكات
هێزێکی تایبەتی ئەمریکی توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکووری عێراق سەرکردەیەکی داعش دەستگیر بکەن.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت، بەپێی گوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکیش بۆ CNN کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت " دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو سەرکردەیەی داعش، لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەستی حکومەتی عێراق دەکرێت".
ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دانی بەوە داناوە هێزی بەئامانجکردنی خێرا بۆ عێراق نێردراوە، تاوەکو ئامانجەکانیان بەرامبەر چەکدارانی داعش بپێكن، ئەویش بە دەستگیركردن یان كوشتن بێت. دوای چەند هەفتەیەک لە لێکۆڵینەوە و سیخوڕی، هێزەکە توانیویانە یەکەم ئامانجیان بە سەرکەوتوویی بەدیبێنن.
پلانەکە ئێستا ئەوەیە، ئەو زانیارییە سیخوڕییانەی لە ئەنجامی هێرشەکان و لێکۆڵینەوەکان بەدەستهاتوون بەکاربهێندرێنەوە بۆ دیاریکردنی ئامانجی زیاتر بۆ هێزە تایبەتەکە.
ساڵی رابردوو هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا هاوژینی ئەبو سەیاف، یەکێک لە سەرکردەکانی داعشیان لە سووریا دەستگیرکرد، پاشان رادەستی هێزە عێراقییەکانیان کرد.
دواتر بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو زانیارییانەی لە ئەنجامی لیکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو ژنە بەدەستهاتوون، یارمەتی داون لەوەی بڕیاربدەن "هێزێکی تایبەتی بەئامانجکردن" پێکبهێنن.
رووداو
