جەبار یاوەر: ئامادەم لێپێچینەوەم لەگەڵدا بكرێت

 جەبار یاوەر: ئامادەم لێپێچینەوەم لەگەڵدا بكرێت
جەبار یاوەر ئەندام و وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادەیی خۆیی نیشاندا كە هەر لێپێچینەوەیەكی لەگەڵدا بكرێت سەبارەت بە هاتن و دابەشكردنی چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلی سەربازی لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە.

دوێنێ سەعید كاكەیی راوێژكاری وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا داوایكردبوو لێپێچینەوە لە جەبار یاوەر بكرێت لەسەر پرسی ناردنی چەك و كۆمەكی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە، دوای ئەوەی مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری هێزی پێشمەرگە، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی‌ - لە 12 ی مانگی 10 ی ساڵی رابردوەوە بەبڕیاری پارتی لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە- بە شاردنەوەی زانیارییەكان لەو بارەیەوە تۆمەتباركردبوو.

لەبەرانبەردا جەبار یاوەر لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند "ناردنی كۆمەكی چەك و تەقەمەنی و ئامێر و كەلوپەلی سەربازی بە هەموو جۆرەكانیەوە لەلایەن هاوپەیمانانەوە لە مانگی 8/2014وە تائێستا و وەرگرتنی ئەو كۆمەكانە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بە لیژنەیەكی سەربازی هاوبەش سپێردراوە كە لە نوێنەرانی میرەی وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە پێكدێت و بەپێی بەڵگەی ئیمزاكراو لەلایەن هەردوولاوە و كە بە دیكۆمێنتی فەرمی لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانانەوە پارێزراوە".
جەبار یاوەر سەرەڕای ئەوەی ئامادەیی تەواوی خۆی دەخاتەڕوو بۆ هەر لێپێچینەوەیەك لەو بارەیەوە و لەلایەن هەر دەزگایەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە روونیشیكردەوە "پرۆسەی دابەشكردنی ئەو چەك و تەقەمەنی و كەلوپەلە سەربازییە هەمەجۆرانەش لەسەرەتای هاتنی ئەو كۆمەكانەوە لە مانگی 8/2014 تائێستا لەسەر رۆشنایی داواكاری میحوەر و یەكەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی تری پاراستنی هەرێم بووە لە سەرۆكایەتی دەستەی ئەركان و لە پاشاندا بە رەزامەندی وەزیری پێشمەرگە دابەشكردنەكە ئەنجامدراوە و بە هیچ شێوەیەك نە ئێمە و نە هیچ كەسێكی تر لە وەزارەتی پێشمەرگە جگە لەو بەڕێزانەی ئاماژەمان پێداون پەیوەندیمان بەو پرۆسەیەوە نەبووە و ئەم راستیەش (مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە) و (كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت) دەیزانن و گشت دۆكیۆمێنتەكانی وەزارەتی پێشمەرگەش گەواهی ئەو راستیە دەسەلمێنن".

وتیشی "مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە لەو رۆژەی دەستبەكاربووە تا مۆڵەت بووە ئاگاداری زیاتر لە 95% (لە سەدا نەوەد و پێنجی) چۆنیەتی هاتن و وەرگرتن و دابەشكردنی ئەو چەك و تەقەمەنی و ئامێر و كەلوپەلە سەربازییە هەمەجۆرانە بووە و بەڕێزیان و بەڕێز كاك كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت ئاگادارن كە ئێمە جار جار سەرنجی تایبەتی خۆمانمان هەبووە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە".





خەندان
Top