سەرۆك بارزانی: لە پرۆسەی چاکسازیدا کەس پارێزبەندی نییە لە لێپێچینەوە
رۆژی سێشەممە 1ـی 3ـی 2016 لە سەڵاحەددین سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی راگۆڕینەوە و راوێژ لەسەر جێبەجێكردنی بڕیار و دانانی میكانیزم لەبارەی پڕۆسەی چاكسازی، لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەسپاكی و دادوەری لێكۆلینەوەی دەسپاكیی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
بەپێی هەواڵیکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا باسی لە پێویستیی چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەروەها مەترسییەكانی تەشەنەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لەسەر سەقامگیری و داهاتووی وڵات كردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی تەواوی راگەیاندووە بۆ دادوەرەكان و ئەندامانی دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە: "ئەركی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دەستپێكردنی چاكسازی ئەركێكی نیشتیمانیی پیرۆزە و ئەوە داواكاریی هەموو خەڵكی كوردستانە و پاڵپشتیی دەكەین".
سەرۆك بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "لەو پرۆسەیەدا نابێ هیچ لایەن و كەسێك، لە هەر پلە و پایە و پێگەیەكدا بێت ئیستیسنا بكرێت و پارێزبەندی هەبێت لە لێپێچینەوە و، بۆ ئەو مەبەستەیش هەموو توانایەكی خۆم دەخەمەگەڕ بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری و دەستە چاودێرییەكانی كوردستان بتوانن بە باشترین شێوە پرۆسەی چاكسازی جێبەجێ بكەن".
لەدرێژەی قسەكانیدا بارزانی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی كە: "ئەو وڵاتە دەتوانێ سەربەرز بێ كە دادپەروەریی تێدا بەرقەرار بێت و دەسەڵاتی دادوەرییش بەهێز و پارێزەری سەروەریی یاسا بێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە کە: "هیچ كەسێك لە چارەنووس و ئیرادەی گەل باڵاتر نییە و گەلیش دادپەروەری و چاكسازی دەوێت و چارەنووسیشمان بە سەركەوتنی چاكسازییەوە گرێ دراوە".
سەرۆك بارزانی بەئاماژەدان بەوەی دادوەر و دەزگە و دەستە چاودێرییەكانی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتیی هەرێمی کوردستان و حكومەت جێبەجێكاری پڕۆسەی چاكسازی دەبن، رایگەیاند: "بۆ سەرخستنی پرۆسەكە پاڵپشتیی تەواویان دەكات و لەگەڵیان دەبێت و شەخسی خۆی لەبەرانبەر هەر كەسێك دەوەستێتەوە كە كۆسپ و تەگەرە بۆ پڕۆسەی چاكسازی دروست بكات یانیش مل بۆ بڕیارەكان كەج نەكات".
بەپێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەبەرانبەردا دەسەڵاتی دادوەری و دەزگە چاودێرییەكان و دادوەرانی دەستەی دەسپاكیی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەڵێنی ئەوەیان دا كە"پێشمەرگەئاسا جێبەجێكاری پرۆسەی چاكسازی و بڕیارەكانی چاكسازیی سەرۆک دەبن و هەر چی لە توانایان دایە درێخی نەكەن بۆ سەرخستنی چاكسازی و داوایشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە پاڵپشت و پشتیوانیان بێت".
هەر بەپێی هەواڵەکە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە باسیان لە بەربەستەكانی بەردەم جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی كرد و بارزانیان لەو كۆسپ و تەگەرانە ئاگادار كردەوە كە لەبەردەم ئەرك و كارەكانیاندا هەن و داوای كارئاسانی و هەماهەنگیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كرد.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی رابردووی چاكسازی، چەندین پێشنیاز و هەنگاوی عەمەلییان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازی خستەڕوو و هەر لە كۆبوونەوەكەیشدا بڕیاری پێویست لەبارەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیاری چاكسازی و تێبینی و پێشنیارەكانیان درا.
وەک لە هەواڵەکەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لە كۆتایی كۆبوونەوەكە بارزانی رۆشنایی خستووەتە سەر دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و باسی لە داهاتووی كوردستان و مافەكانی گەلی كوردستانی كردووە.
رووداو-
