قسەکانی کونسوڵی سعودیە لەبارەی کوردستان شیعەکان توڕە دەکات
”محەمەد سەیهود“، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سعودیە لە ناوچەکە، ”سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و فیتنەبازی“ پەیڕەو دەکات بۆ ”پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل“.
محەمەد سەیهود پێیوایە لێدوانی ”عەبدولمونعیم محەمەد مەحمود“، کونسوڵی گشتیی سعودیە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەوەی گوتبووی، ”سعودیە پشت لە هەرێمی کوردستان ناکات“، دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆی عێراق.
ئەو پەرلەمانتارە شیعە داوای لە حکوومەتی وڵاتەکەی کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات سەبارەت بە لێدوانەکانی کونسوڵی گشتیی سعودیە لە هەولێر.
سەیهود ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەسەڵاتدارانی سعودیە کار لەسەر نانەوەی ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەن و ”پشتگیریی رێکخراوە چەکدارییە توندڕەوەکان و پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل دەکەن.
رۆژی چوارشەممە 23ـی شوباتی 2016، عەبدولمونعیم محەمەد مەحمود بە فەرمیی وەک کونسوڵی گشتیی سعودیە لە هەرێمی کوردستان دەستبەکاربوو و جەختیشی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سعودیە کردەوە.
بەهۆی ناکۆکییە مەزهەبییەکان، ناکۆکییەکی زۆر لەنێوان وڵاتی سعودیە، کە نوێنەرایەتیی سوننەکانی جیهان دەکات، لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە، کە نوێنەرایەتیی شیعەکانی جیهان دەکات و شیعەکانی عێراقیش چوونەتە پاڵ ئێران.
باسنیوز
