جەمال مورتکە: دۆخی ناو مووسڵ تەواو تێکچووە و ئەگەری ڕاکردنی داعش هەیە

جەمال مورتکە: دۆخی ناو مووسڵ تەواو تێکچووە و ئەگەری ڕاکردنی داعش هەیە
فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، ڕێکخراوی توندڕەوی داعش دەیەوێت، دزە بکاتە نێو شارەکان، بۆیە هێزە ئەمنییەکان بە توندی سەرجەم ناوچەکانیان بە ڕووی داعشدا داخستووە.

"جەمال مورتکە"، فەرماندەی هێزی پێشمەگە و بەرپرسی میحوەری مەخمور - گوێڕ، ڕاگەیاند: داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە، بەڵام هێزی جارانیان نەماوە، بە تایبەتی دوای لەدەستدانی ڕوومادی، داعش ئەوەی پێی دەگوترێت چەک و تەقەمەنی، بەدەستیانەوە نەماوە و بەرەو پووکانەوە دەچن، ئێستاش ناوە ناوە هێرش دەکەن، دەیانەوێت بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بڵێن کە هێشتا ماون”. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەگەر پرۆسەی ئازادکردنەوەی مووسڵ دەست پێ بکات، داعش لە %10ی تواناکانی پێشوویان نابێت. گوتیشی: “دۆخی ناو مووسڵ تەواو تێکچووە، ئەگەر لەشکری عێراق مەرجەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکات و هاوکاریی پێشمەرگە بکەن، بڕوا ناکەم شەڕی مووسڵ بە قەد ڕوومادی بخایەنێت”.
جەمال مورتکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، داعش خەریکی ئامادەکارییە بۆ هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام “ئەوە لە ئاستێکی زۆر کەم و لاواز دەبێت، ماوەیەکی زۆرە کار لەسەر ئەوە دەکەن، پێش ئەوەی هێرش بکەن، کەسانی خۆیان دزە پێ بکەنە ناو شارەکان یان سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام ڕێگا بەوەش نادرێت”. دووپاتیشی کردەوە کە زانیارییەکی زۆر سەبارەت بە هەڵاتنی سەرکردەکانی داعش لە مووسڵەوە بۆ سووریا هەیە و دەشڵێت: “بەشێکیان بۆچوونیان وایە کە داعش وەک هێز، بۆ لیبیا بکشێندرێتەوە".









باسنیوز
Top