"ساڵی نوێ ساڵی چاکسازیی حکوومەت ده‌بێ"

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە نیازی چاکسازی بوو، بەڵام لەبەر بارودۆخەکە پێی نەکرا، بەڵام ساڵی ٢٠١٦ ساڵی چاکسازیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (مەدینە شەرنەخی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو چاکسازیانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داھات زیاد دەکات کە مووچەی پلەباڵا و دەرماڵە کەم دەکاتەوە و، پێویستە بە شێوەیەکی گونجاو ئەمانە رێک بخرێن، بەڵام بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی پێویستە ھەنگاوی دیکە بنرێت، وەکو نەھێشتنی دوومووچەیی و، بڕینی مووچەی بندیوار و چەند ھەنگاوێکی دیکە."

گوتیشی، هەر بڕیارێک دەرکراوە، دەبێ جێبەجێ بکرێ، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە قەیراندایە و دۆخەکەی زۆر خراپە.
(مەدینە شەرنەخی) گوتیشی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای کابینەی ھەشتەوە بەنیاز بوو چاکسازی بکات، بەڵام لەبەر شەڕی داعش و، قەیرانەکان نەیتوانی؛ بەڵام وا لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و، ساڵی ٢٠١٦ دەبێتە ساڵی چاکسازیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارێکدا.
Top