كارنامەی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرا دەبێت
عەبدولرەحمان عەبدولرەحیم، وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە، لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، كۆبوونەوەی سبەی دووشەممە 21/12/2015 ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ باسكردنی قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و چۆنیەتی چارەسەركردنیەتی.
ئەو گوتیشی " سبەی باس لە قەیرانی دارایی و چۆنیەتی چارەسەركردنی دەكرێت، چونكە لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنە بۆ بەداواداچوونی پڕۆژەكانی چاكسازی پێكهێنراوە، باسی ئەو كێشانەش دەكرێت كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بۆ هاونیشتیمانیان دروست بوونە".
بەپێی زانیارییەكان، سێ پڕۆژەی چاكسازی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران هەرێمی كوردستان ئامادەكراون، ئەوانیش بریتین لە پڕۆژەكەی هەردوو پەرلەمانتار د.فرسەت سۆفی و گۆران ئازاد، پڕۆژەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان و پڕۆژەكەی وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان.
تاوەكو ئێستا تەنیا پڕۆژەكەی هەر دوو پەرلەمانتار د.فرسەت سۆفی و گۆران ئازاد بەفەرمی رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراون، دوو پڕۆژەكەی دیكەش بەهۆی دۆخی سیاسی كاریان لەسەر نەكراوە.
رووداو-
