حكومەتی هەرێمی كوردستان : هیچ پێشیلكاریەك بەرامبەر ئاوارەكان نەكراوە و رێگەشی پێنادرێت

حكومەتی هەرێمی كوردستان : هیچ پێشیلكاریەك بەرامبەر ئاوارەكان نەكراوە و رێگەشی پێنادرێت
دیندار زێباری سەرۆكی لیژنەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتیەكان رەتیكردەوە دوای ئازادكردنەوەی شنگار لەلایەن هێزی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، لەلایەن پێشمەرگەوە پێشیلكاری بەرامبەر بە دانیشتوانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكاندا كرابێت.

زێباری لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوی ئەمەریكا لەبارەی پەیڕەوكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤ لە وڵاتان بۆ ساڵی 2014 سازی ئاماژەی بەوە دا، پێشمەرگە هیچ رێگریەكی لە گەڕانەوەی ئاوارەی ئەو ناوچانە نەكردووە و بەهیچ شێوەیەك رێگە بە پێشیلكاری نادات لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ناوچانە ناوچەی شەڕن و دانیشتوانیشی خۆیان ئارەزوی گەڕانەوەیان نییە، چونكە مەترسی شەڕیان لەسەرە و ناوە ناوە شەڕ و پێكدادان لەنێوان هێزی پێشمەرگە و داعش لەو ناوچانەدا روودەدات بۆیە دانیشتوانی ئەم ناوچە ڕزگاركراوەكانە بەتایبەتی لە سنوری زوممار بە كورد و عەرەبەوە هێشتا بە تەواوی نەگەڕاونەتەوە شوێنەكانی خۆیان.

هاوكات زێباری بونی مین و تەقەمەنی لەو ناوچانە بەهۆكارێكی دیكە زانی بۆ نە گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە و ئاماژەی بەوەدا هاتوچۆ لەو ناوچانەدا سەختە و رەنگە بوونی خەڵكی سڤیل لەو ناوچانە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم فڕۆكەكانی هاوپەیمانان و نەتوانن وەكو پێویست ئەركە سەربازییەكانی خۆیان بەجێ بگەیەنن و ئاشكراشیكرد ئەم پرسە چەندین جار لە كۆبوونەوە دەورییە هاوبەشەكاندا باسكراوە.

پرسی ئاوارە و پەنابەرانی نێو هەرێمی كوردستانیش، خاڵێكی دیكەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوو كە زێباری لەبارەیەوە روونكردنەوەی پێشكەشكرد و رایگەیاند، بەپێی دوا ئامارەكان ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە نزیكەی یەك ملیۆن و 700 هەزار كەس ئەمەش رێژەی زیاتر لە 50% ی ئاوارەكان لە عێراق بە گشتی پێكدێنێت.

ئاماژەی بەوەشدا ئێستا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 248203 پەنابەری رۆژئاوا هەن لە 9 كەمپدا نیشتەجێكراون لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان ، جگە لەوانەی لە دەرەوەی كەمپەكاندا دەژین.

زێباری رایگەیاند، ئاوارە و پەنابەران بە دوو قۆناغ روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لە ساڵی 2006 لە ئاكامی شەڕی تایفەگەری لە شارەكانی ناوەڕاست وباشووری عێڕاق و دووەمیشیان لە دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاجیاكانی عێڕاق .

ئاماژەی بەوەشدا سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و قەیرانانەی كە رووبەرووی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبنەوە لە رووی ئابووریەوە، بەڵام لە پێشوازی كردن لە ئاوارە و پەنابەران و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆیان بەردەوام بووە.

نیگەرانی خۆیشی لەوە نیشاندا كە نەتەوەیەكگرتووەكان وەكو لایەنێكی نێودەوڵەتی هاوبەش نەیتوانیوە ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە بۆ كۆمەك كردنی ئاوارەكان دابین بكات.
ئەوەشی رونكردەوە ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران حكومەتی دووچاری ئاستەنگی زیاتری خزمەتگوزاری و ئابووری كردووە، چونكە بەپێی دوایین ئامارەكانی UNCHR لە ساڵی 2015 لایەنی بەرپرس كە حكومەتی عێراقە و لایەنی نێودەوڵەتی كە نەتەوە یەكگرتووەكانە نەیانتوانیوە یارمەتییە پێویستە داراییەكان دابین بكەن بۆ بەهاناوە هاتنی ئەم رێژە زۆرەی ئاوارانە و ئەم بڕە دیاریكراوەش بە 405 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەكرێت.

سەبارەت بە پرسی ئاسایش و هەنگاوەكانی یەكگرتنی ئەم دەزگایە زێباری رونیكردەوە، هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2004 و 2011 دا كاروبارەكانیان بە پێی یاسا ڕێكخراوە، لەبەر ئەوە ئەم دەزگایانە بە شێوەیەكی شەرعی بەشێكن لە پێكهاتە فەرمیەكانی هەرێمی كوردستان و كاریان بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی هەرێمەكەیە لە هەڕەشەكان.

ئاماژەی بەوەشدا ئەم دەزگایانە بە یاسا و بە كردەوە سەلماندوویانە دەزگای حكومی و فەرمین، و لە خزمەتی هاووڵاتیانی كوردستاندان و لە دوای جەنگی داعش هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لەو شەڕەدا و بەردەوام لە هەماهەنگیدابوون لەگەڵ هاوپەیمانان ، ئەم هەوڵانەش رۆڵێكی سەرەكیی هەبوو لە سەركەوتنی پێشمەرگە و ئازادكردنی چەندین ناوچەی كوردستانی لە دەست داعش كە دوایینیان شنگار بوو .

لەلایەكی دیكەشەوە پرسی ئافرەت و منداڵان و پاراستنی مافەكانیان یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا باسی كردبوو لەم بارەیەوە زێباری لە بەراوردی نێوان ئامارەكانی ساڵی 2013 و 2014 ی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئاماژەی بەوەدا ، لەساڵی 2014 حاڵەتی توندوتیژی بە هەموو جۆرەكانییەوە كەمی كردووەو.
لەبارەی پرسی خۆنیشاندان و مۆڵەتی كار كردنی دەزگاكانی راگەیاندنیشەوە، زێباری ئەوەی خستەڕوو ئەم پرسە بەپێی یاسا رێكخراوە، و بە پێویستی زانی بە شێوەیەكی ورد و دروست مامەڵە لەگەڵ میدیا بكرێت و رێگە ئەو پرس و بابەتانەی كاریگەری نێگەتیڤیان لەسەر دابونەریتی كۆمەڵایەتیدا دەبێت لەو دەزگا میدیاییانەدا بڵاو بكرێتەوە.

رونیشیكردەوە لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.

هەروەها كار بە یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە 35ی ساڵی2007 دەكرێت لە هەرێمی كوردستان و ناكرێت ڕۆژنامەنووسان دەستگیربكرێن تاكو دادگا ڕەزامەندی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان وەرنەگرێت.

رونیشیكردەوە، بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان بە هەڵە لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 دەگەن كاتێك ئاگادار دەكرێتەوە ناچێتە بەردەم دادگا بە بیانووی ئەوەی كە ڕۆژنامەنووسە، هەروەها زۆرجار ڕۆژنامەنووس بە تاوانێك دەستگیر دەكرێت كە پەیوەندی بە كاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە. لەم حاڵەتەشدا بەپێی یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەمواركراو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
Top