كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات پوختەی راپۆرتی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان

كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات  پوختەی راپۆرتی لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان
ئەم بابەتە راپۆرتێكە كە هەردوو پەرلەمانتار د.فرسەت سۆفی و گۆران ئازاد لە لیژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی كوردستان ئامادەیان كردووە، بەمەبەستی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی سەرچاوەی داهات بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پاشان پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و لەلایەن سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكانەوە بە گەرمی پێشوازی لێكراوە. لەبەر گرنگیی راپۆرتەكە بۆ ئەم قۆناخەی ئێستا كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، گوڵان بە پێویستی زانی پوختەی راپۆرتەكە بڵاو بكاتەوە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە :
نەوت
ئەوەی پەیوەستە بە مەسەلەی پرۆسەی نەوتی هەرێم لە كۆی هەشت خاڵی راپۆرتەكە، پوختەی شەش خاڵ دەخەینەڕوو:
یەكەم: دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی باڵا، بڕیاری فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆ درا، سەرەتا سەرجەم هێزە سیاسییەكان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێم لە بەرواری (21/5/2015) كۆبوونەوە، لە ئەنجامدا لە بەرواری (15/6/2015) گرێبەستی فرۆشتنی نەوت لەگەڵ دوو كڕیاری نێودەوڵەتی بە سەربەخۆ واژۆكرا و لە (24/6/2015) دەست بە فرۆشتنی یەكەم كارگۆی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگای بەندەری جەیهان كرا.

هەروەها لە راپۆرتەكەی هەردوو ئەندام پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە لە بڕگەی دوو:
دووەم: بەپێی ئەو گرێبەستەی كراوە، سەرەتا دەبێ هەرێم رۆژانە (525.000) بەرمیل نەوت بفرۆشێت، دواتر ئەو رێژەیە بەرز دەبێتەوە تا مانگی دوازدە بۆ (600.000) رۆژانە، دواتر بەردەوام دەبێ تا حوزەیرانی (2016) بگاتە (750.000) رۆژانە. لەكاتی واژووكردنی گرێبەستەكە نرخی نەوتی برێنت بۆ هەر بەرمیلێك (65) دۆلار بووە.
لە بەرامبەردا كۆمپانیا مانگانە بڕی زیاتر لە (800) ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم دابین دەكات، ئەگەر هەرێم بتوانێ رۆژانە (90٪)ی ئەو (525.000)ـەش نەوت بنێرێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا رۆژانە ئەو بڕە بنێردرێت، ئەوا چەند بەرمیل نەوت رۆیشتووە كۆمپانیا ئەوەندە پارە دەدات، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ساڵی 2015 بەم شێوەیە دەبێت، لە سەرەتای ساڵی 2016 هەرێم چەند نەوت رادەستی كۆمپانیا بكات، بە قەد ئەو نەوتە پارە دەدرێتە هەرێم.

شایانی باسە لە بڕگەی سێ یەم و چوار باسی نەفەقات دەكات و لەگەل نرخی نەوت و دەڵێ:

ئەوەی لە كاتی ئێستادا ئێمە بە عێراقەوە دەبەستێتەوە، بریتییە لە خەرجییەكانی حاكیمە (النفقات الحاكمە) كە بریتین لە چەند خەرجییەك، لەوانە پارەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی كارەبا و كڕینەوەی وزەی كارەبا و هەڵبژاردن و پارەی گەنمی جووتیاران و بەشە خۆراكی ماڵان، كە ئەمەش ساڵانە یەك ملیار و سەد ملیۆن دۆلار دەكات. هەر لەبەر ئەوەیە هەرێم پابەندە بەوەی رۆژانە (150) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بكات.
چوارەم: سەبارەت بە نرخی نەوتی فرۆشراوی هەرێمی كوردستان وەك ستانداردێكی كارپێكراو لە بازاڕی فرۆشتنی نەوتی جیهانی هەمیشە نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوت چەند داشكاندنێكی بۆ ئەنجام دەدرێت. نزیكەی (10) دۆلار كەمترە لە نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت، هۆكارەكەشی بە وتەی شارەزایان ئەوەیە كە (5) دۆلار بە هۆی كوالیتی نەوتی هەرێم، (3،75) بۆ تێچوونی تەئمین و پێدانی پارەی پێشوەختە لەلایەن كۆمپانیاكانی فرۆشتنی نەوت. هەروەها (1،25) بۆ كرێی بەكارهێنانی بۆڕی گواستنەوەیە بۆ توركیا.

لە نیوەكەیدا باس لە داهاتی نەوت و كێشەی بەنزین دەكرێت و تێیدا هاتووە:

بە وتەی لایەنە پێوەندیدارەكان، پارەی داهاتی نەوت دێتە سەر حیسابی تایبەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بانكی هالك بانك لە توركیا، ئینجا دێتە بانكی كوردستانی نێودەوڵەتی و پرۆسەی گۆڕینەوەی پارە لە دۆلار بۆ دینار كاتی پێویستە، بۆیە كە كۆمپانیا پارەكە دەدات، چەند رۆژێكی دەوێت تا بتوانرێت دابەش بكرێت.
شەشەم: بانكی كوردستان حسابێكی بە ژمارەی (1702) بۆ پارەی نەوتی بۆڕی كردۆتەوە و بە گوتەی بەرپرسانی بانكەكە، هەموو ئەو پارانەی دێن یەكسەر تەحویلی لقی هەولێری بانكی ناوەندی دەكرێت لە هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە و بە هیچ جۆرێك لە بانك نامێنێتەوە و پارەی پاشەكەوت نییە.
بەنـــــزیـــن
رێژەی پێداویستی بەنزین لە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە زیادبووندایە، بۆ نموونە لە ساڵی 2010 پێویستی شاری سلێمانی بۆ بەنزین بریتی بوو لە نیو ملیۆن لیتر لە رۆژێكدا، بەڵام ئێستا رۆژانە دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار لیتر بۆ ئەو شارە پیێویستە. هەربۆیە بە مەبەستی سنووردانان بۆ كێشەی بەنزین پێمان باشە:
1. دانانی گومرگی زیاتر لە سەر ئەو ئۆتۆمۆبێلانەی كە شەش پستۆن بەسەرەوەن، بە شێوەی «تصاعدی»، بۆ ئەوەی خەرجكردنی بەنزین كەمبكەینەوە.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1054)

Top