ئیسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی پێشوو، پارە دراوەتە رۆژنامەنووسان و راوێژکارانی مووچەزۆری بێ بڕوانامە

ئیسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی پێشوو، پارە دراوەتە رۆژنامەنووسان و راوێژکارانی مووچەزۆری بێ بڕوانامە
بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەلایەن پەرلەمانتارێکی لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستانەوە دراون، ئەوە ئاشکرا دەکەن کە یوسف محەمەد لە ماوەی سەرۆکایەتیدا لە پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئێستاش بەردەوامە لە تەخشان و پەخشانکردنی پارە و لەو ماوەیەشدا بە ملیارەھا دیناری خەرج کردووە کە زۆریان کاری پەرلەمان نییە یاخود نایاساییە، جگە لەوەش بە دەیان راوێژکار و کەسانی دیکەی نزیک لە حزبەکەی دامەزراندووە کە ئێستا ھەندێ لەو کەسانە مووچە و دەرماڵە و ھاوکاریەکانیان دەگاتە زیاتر لە (٨) ملیۆن دیناری مانگانە.



خەرجییەکانی ساڵی ٢٠١٥



مەدینە ئەیوب شیرناخی پەرلەمانتاری پارتی لە لیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان کرد، تەنیا لە ماوەی (١-١-٢٠١٥) تاوەکو (٣١-١٠-٢٠١٥) واتە کەمتر لە ساڵێک، سەرۆکایەتیی پەرلەمان زیاتر لە ٢٠ ملیار و دووسەد و پەنجاوسێ ملیۆن دینار خەرجیی ھەبووە، کە زۆربەی بۆ ئیفاد و پاداشت و ھاوکاری بووە و لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بەخشراوە.



بەپێی بەڵگەکان دەردەکەوێ تەنیا لەو ماوەیەدا (١٠) ملیار ٢٦١ ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج کراوە، کە سێ ملیاری دەرماڵە بووە بۆ پەرلەمانتاران، ٤٤٨ ملیۆن دیناریش بۆ ئیفادی پەرلەمانتاران بووە.



ھەر بەپێی ئەو بەڵگانە، بۆ پێداویستیی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری بڕی ملیارێک و ٣٤٤ ملیۆن دینار خەرج کراوە.



جگە لەوەش تەنیا بەناوی چاککردنەوە ٣٧٨ ملیۆن دینار خەرج کراوە.



بەناوی چاککردنەوەی ئاوی زێرابیش زیاتر لە بڕی ٨ ملیۆن دینار خەرج کراوە.



ھەروەھا بەپێی چەند لیستێکی جیاواز، بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان بەناوی ھاوکارییەوە



ملیۆنان دینار دراوە بە خەڵکی جۆراوجۆر، بەپێی لیستێکیان کەمترین ھاوکاری ٣٠٠ ھەزار دینار بووە، زۆرترینیشی ٩ ملیۆن دینار بووە.



ھەر بەپێی ئەو بەڵگانە پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر بەناوی ھاوکاری بۆ ھۆڵی پرسەی گوندەکەیان (٨٠٠) ھەزار دیناری لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە لە (٦-٤-٢٠١٥) بۆ خەرج کراوە.



ھەر لە ماوەی دەسەڵاتی یوسف محەمەد، لەسەر داوای ئەوان وەزارەتی دارایی بە نووسراوی ژمارە (٢٢٩٣٠) کە لەلایەن رێباز حەملان وەزیری دارایی واژۆ کراوە، داوای بەخشینی باجی گومرگی لەسەر ١٠٩ ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران کراوە، کە نرخی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە نزیکەی ٩ ملیۆن دۆلار.



بەپێی بەڵگەیەکی دیکەش بڕی پێنج ملیۆن دینار لە (١٢-١٠-٢٠١٥) بۆ نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان لە سلێمانی خەرج کراوە، ھەر بەپێی بەڵگەیەکی دیکە (٦٠) ملیۆن دیناری دیکە بە ناوی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمان و پاسەوانەکانی خەرج کراوە، ھەر لەو ماوەیەشدا بەناوی ئەوەی کە سەرۆکی پەرلەمان لەبری ئەوەی لە پەرلەمان کارەکانی بکات، لە نووسنیگەی سلێمانی کردوویەتی بڕی ٥٠ ملیۆن دیناری دیکەی بۆ خەرج کراوە.



ھەر لەو ساڵە ٧ ملیۆن دیناری دیکەش بەناوی ھاوکاری بۆ (٩) کەس خەرج کراوە، نزیکەی (٥) ملیۆن دیناریش بەناوی ھاوکاریی ئاوارەکان خەرج کراوە.



لە بەڵگەیەکی دیکەشدا سێ کەس بە پلەی ئەفسەر ھەر یەکەیان بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان (٣) ملیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە، لەگەڵ چەندین ملیۆن دیناری دیکە کە بەناوی ھاوکارییەوە بە راوێژکاران و خەڵکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دراون، تەنانەت ئەو ھاوکاریانە دراونەتە پۆلیسی پاسەوانی بارەگای پەرلەمان و ھاتووچۆی بەردەرگای پەرلەمان، بەناوی نەخۆشیشەوە پارە بە رۆژنامەنووسان و میدیاکان دراوە، بەڵام ھەموو میدیایەک نا، بەڵکوو ئەو میدیایانەی لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی گۆڕان کار دەکەن.



بەپێی بەڵگەیەکی دیکە لە (١٣-٩-٢٠١٥) بەناوی پاداشتنەوە بڕی (٣) ملیۆن دیناری دیکە دراوەتە کاردۆ محەمەد بەناوی ئەوەی کە خۆبەخشانە راوێژکارە لە پەرلەمانی کوردستان.



ھەر لە بەڵگەیەکی دیکەشدا ئەوە ھاتووە کە سێ پاسەوانی کاردۆ محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان ھەریەکە و بڕی (١٥٠) ھەزار دیناریان وەکو ھاوکاری پێ دراوە.



لە بەڵگەیەکی دیکەشدا بەناوی کاری ئیداری بڕی ٢ ملیۆن دینار بۆ نووسینگەی سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر خەرج کراوە.



ھەروەھا سەرۆکی پەرلەمان بەناوی دڵسۆزی لە کارکردن نزیکەی (٨) ملیۆن دیناری بەناوی ھاوکاری داوەتە (١٠) کەس ھەریەکە و بڕی (٤٠٠) ھەزار دیناری پێداون.



لە ساڵی (٢٠١٤)

ھەر بەپێی لیستی خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە ساڵی (٢٠١٤) بڕی (٣١) ملیار و (٧٠٠) حەوتسەد ملیۆن دینار بۆ چەندین بواری جیاواز خەرج کراون.

لەو پارەیە بڕی زیاتر لە ١٩ ملیار و ٣٣٣ ملیۆن دینار بۆ مووچەو دەرماڵەی پەرلەمانتاران و سەرۆکایەتیی پەرلەمان خەرج کراوە، ھەروەھا بەناوی پێداویستیی خزمەتگوزارییەوە، ملیارێک و پێنجسەد و حەفتاوپێنج ملیۆن دینار خەرج کراوە.



(١٩) ملیۆن و (٤٥٤) چوارسەد و پەنجاوچوار ھەزار دیناریش لەو بڕە پارەیە دراوە بە جلوبەرگ.



ھەر لەو پارەیە بڕی (٦) ملیۆن دیناریش دراوە بە ئاھەنگ و بۆ خاوێنکردنەوەش (١٩٩) ملیۆن دینار خەرج کراوە.



بۆ خواردەمەنی و داوودەرمانیش (٤٦) ملیۆن دینار خەرج کراوە.



ھەر لەو ساڵەشدا تێچووی ئیفادی پەرلەمانتاران گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٦ ملیۆن دینار.



ھەر لەبارەی خەرجییەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە مەدینە شیرناخی گوتیشی: ”لە ھەموو دامودەزگاکانی حکومەت پێشینەی ھاوسەرگیری وەستاوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان لە ساڵی (٢٠١٤)، (١٢٠) ملیۆن دیناری خەرج کردووە بەو ناوەوە بۆ (٢٤) کەس و بۆ ئەو ساڵە کە بودجە پەسەند نەکراوە ئەوە کارێکی نایاساییە و جیاوازیکردنە لە نێوان فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان“.



لەبارەی دامەزراندنیشەوە ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دا لەکاتێکدا دامەزراندن بە ھەموو شێوەیەک راگیراوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان (١١٠) کەسی لە ماوەی ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ دامەزراندووە، ئەو دامەزراندنە (١٤) راوێژکاریان تیادایە کە (٥) راوێژکاریان بە پلەی (ئەلف) دامەزراوە، کە ئەوانەی پلەیان (ئەلف)ـە واتە بریکاری وەزارەتن و بڕی پارەی مانگانەیان دەگاتە (٧) ملیۆن و ٤٩٢ ھەزار دینار، مانگانەش بەناوی ھاوکاری ھەریەکەی ملیۆنێک دیناری دیکەیان پێ دراوە، لەکاتێکدا ھیچ یاسایەک نییە کە ھاوکاری بدرێتە کەسانێک کە مووچەکانیان ھێندە بەرز بێت، جگە لەوانیش دەیان کەسی دیکە بەناوی خزمەتگوزار و شۆفێر و وەرگێڕ و بەڕێوەبەری گشتی و چاودێری کشتوکاڵ و پڕۆگرامسازی دامەزراون، جگە لە زیاتر لە (٢٠) کەسی دیکەش بە گرێبەست“.



ئاشکراشی کرد، (٣) لەو راوێژکارانەی کە یوسف محەمەد دای مەزراندوون بە پلەی (ئەلف) ھیچ بڕوانامەیەکیان نییە، گوتیشی: ”لەو پلەیە دەبێت خزمەت ھەبێت و مەرجێکی دیکە ئەوەیە کە دەبێت بڕوانامەیەکی بەرزی ھەبێ“.



جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە ھەموو ئەو ھاوکاری و پاداشتانەی کە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە دراون بە شێوەی نایاسایی بوون و پێویستە سنوورێک بۆ ئەو خەرجییانە دابنرێت و رابگیرێن.







باسنیوز
Top