"٢٦٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری"

بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، بە پێی دواین ئامار ٢٣١٧ کوردی ئێزدی لە دەستی تیرۆرستان ڕزگار بوونە، لەگەڵ ئەوەی 18 مەزارگە و نیشانەی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆستانی داعش تەقێنراونەتەوە و لەناو براون.

(هادی دوبانی) بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای دهۆک بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تا ئێستا دوای ڕزگارکردنی شاری شنگال لەلایەن هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٦٠٠ خێزان گەڕاونەتەوە شنگال و دەوروبەری کە زۆربەیان لە سنوون و دەوروبەری شنگالدا نیشتەجێ بوونە."

گوتیشی "دوای کەوتنی شنگال زیاتر لە 5هەزارو838هەزار کوردی ئێزدی کەوتنە دەستی تیرۆستان، تا ئێستا بە هەوڵ و ماندووبوونی حکوومەتی هەرێم 2هەزارو317 کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە و ئێستا لە دهۆک و شوێنەکانی دیکە لە بارودۆخێکی باشدا دەژین، هەروەها زیاتر لە 18 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت 21 گۆڕی دیکە بدۆزرێنەوە، لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە 18 نیشانە و مەزارگەی ئێزدییەکان لەلایەن تیرۆرستان تەقێنراونەتەوە و لەناو براون."
Top