سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا و شاندێکی یاوەری كۆبۆوە
لە دیدارێكدا نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ڕووسیا سڵاوی سەرۆك پوتینی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و هەروەها ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستان و بەدیهێنانی سەقامگیری و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەردانەكەیان سەردانێكی سیاسی و ئابووری و كولتوورییە و مەبەست لێی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولایە لە بوار جیاجیاكان. نوێنەری تایبەتی سەرۆك پوتین هێمایشی بە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ڕووسیا و هەروەها هەوڵ و كۆششی ڕۆژهەڵاتناسە ڕووسەكان دا كە ئەرشیڤێكی بێوێنەیان لەبارەی كوردستان كۆ كردووەتەوە و کتێبێکیان بەناوی "سەرزەمینی ئەفسانەكان" ئامادە كردووە و پێشكەشی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دەكەن. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی ڕووسیا و بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد کرد و ڕوونی کردەوە کە دوای هاتنی بارزانیی نەمر و یاوەرانی ئەو پەیوەندییە قووڵتر بۆوە و تێکەڵاویی زیاتری خەڵکی کوردستان و ڕووسیای لێ کەوتەوە و بووە بناخەیەکی بەهێزی بۆ پەیوەندیی نێوان هەردوولا. شاندی میوان ویست و ئامادەیی وڵاتەكەیان نیشان دا كە لە بواری ئابووری و نەوت و كولتوور و پەروەردە هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان دەبێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی ئاكادیمی زانایانی ڕووسی كرد كە مێژووی گەلی كردستانیان ئەرشیڤ كردووە و پاراستویانە و هەروەها پێشوازیشی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد لە بوارە جیا جیاكاندا. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بە مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ڕووسیا دا و جەختی لە بەردەوامیی دۆستایەتی و نزیكی ئەو دوو گەلە كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر جیهان و ناوچەكە و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ. تاوتوێكردنی پەیوەندییە ئابووری و نەوتییەكان و هەروەها ئاستی پەیوەندییە كولتووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە دوای ئەم كۆبوونەوە سەرۆك بارزانی ئەو پێشانگە فۆتۆگرافییەی بەسەر كردەوە كە لە لایەن كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی لەبارەی مێژووی گەلی كوردستان نمایش درا و پاشانیش لە هۆڵی شەهید مامۆستا سەعد بەشداری ئەو مەراسیمە بوو كە لە لایەن كۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسی و بە بۆنەی پێشكەشكردنی كتێبی دیكۆمێنتیی سەرزەمینی ئەفسانەكان ساز كرا بوو كە بەرهەمی كاری مێژوونووس و كوردناسە ڕووسەكانە.
