ئەڵمانیا: 70 تۆن چەک و کەرەستەی سەربازیمان بۆ هێزی پێشمەرگە ناردووە
لە چوارچێوەی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جەنگی دژی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش)، ماڵپەری سوپای ئەڵمانیا رایگەیاند، کە لە 27ی ئەو مانگە بە فڕۆکەیەکی جۆری ئانتۆنۆف AN-124 کاروانێکی دیکەی هاوکاریی سەربازی، کە پێکهاتوون لە چەک و پێداویستی دیکە گەیێنراونەتە هەولێر.
سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندووە، کە باری ئەو فڕۆکەیە 70 تۆن بووە و لە هەمان فڕۆکەخانەی شاری لایپتزیگی رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا و بەسەر بەغدای پایتەختی عێراقدا بەرەو هەولێر گەشتەکە ئەنجامدراوە و دواجار بەپێی ئەو پەیمانەی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەیانە، هەموو ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانە رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون.
ماڵپەری سوپای ئەڵمانیا جۆری چەکەکانی ئاشکراکردووەو ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم کاروانەی چەک زیاتر بۆ مەشق و راهێنان بووە. چەکی میلان و پانسەرفاوست، هەروەها 2 ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی جۆری دینگۆ1، 3 ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری، 2 تۆن جۆری ئۆنیمۆگ و پارچەی ئۆتۆمبێل، هەروەها پێداویستی فریاگوزاری و پاککردنی چەک لەنێو کاروانەکەدا بوون. جگە لەوانە چەندین جۆری دیکەی چەک، وەک"80 تفەنگی G3 و 20 پارچەی یەدەگ، 33 رەشاشی جۆری G3 و 10 پارچەی یەدەگ. 20 سیستمی میلان و 311 پارچەی یەدەگی جیاواز، 150 سیستمی پانسەرفاوستی و 10 دەزگای راهێنانی پانسەرفاوست جۆری ناوەندی لەگەڵ 10 دەزگای پانسەرفاوستی قورس و 30 پارچەی یەدەگ"یش نێردراون.
بەپێی ئەو هەواڵەی ماڵپەری سوپای ئەڵمانیا، لە چەند هەفتەی داهاتووشدا کاروانی دیکەی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ پێشمەرگەی کوردستان دەنێردرێن.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بێئاگایی خۆی لە ناردن و گەیشتنی ئەو چەکانە بۆ هەولێر راگەیاند و گوتی: "ئەوەی من ئاگام لێبێت هیچ کاروانێکی نوێی چەک و کەرەستەی سەربازی لەلایەن ئەڵمانیاوە نەگەیشتووەتە هەولێر".
حکومەتی ئەڵمانیا لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی 2014 دا، بڕیاری هاوکاریی مرۆیی و لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ هاوکاریی سەربازی بۆ کوردستان دا. لە کوردستان و لە ئەڵمانیاش بە بەردەوامی مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات لەسەر ئەو چەکانە.
رووداو
