دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە دیپلۆماتكاران لەدوا پەرەسەندنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق ئاگادار دەكاتەوە

دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە دیپلۆماتكاران لەدوا پەرەسەندنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق ئاگادار دەكاتەوە
بەمەبەستی ئاگاداركردنەوەی دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی لە دواپەرەسەندنەكانی گۆڕەپانی سیاسی، رۆژی یەكشەممە لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت كۆبوونەوەیەكی فراوانیان لەگەڵ دیپلۆماتكاران و ‏نوێنەرانی ووڵاتانی بیانی لە هەرێم ئەنجامدا.

لە سەرەتادا فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، ئامانجی كۆبونەوەكەی راگەیاندو گووتی ئەم كۆبوونەوەیە بەمەبەستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و ئاگاداركردنەوەیە لەدوا پەرەسەندنە سیاسیەكان و تەنگژەكانی چەند پارێزگایەكی نزیك لە هەرێمی كوردستان و پەرەسەندنەكانی هەرێمی و چەند پرسێكی گرینگی پەیوەست بە پەیوەندیەكان و پێشووەچوونە سیاسی و ئابووریەكان.

پاشان د.فوئاد حوسێن بەوردی باسی لەڕووداوەكانی ئەم دواییە كردو گووتی "ڕووداوەكان ساتەوەختێكی سەختن بۆ عیراق و ناوچەكە، ئێستا عیراقێكی ترمان لە پێشە كە عیراقی دوای ڕوداوەكانی موسڵەو دەبێت بەوردی مامەڵەی لەگەڵ بكەین، لایەنی سێهەم كەوتۆتە نێوان هەرێمی كوردستان و عیراق، دەرەنجام پەیوەندی ڕاستەوخۆی سنوری لەنێوانماندا نەماوە"، هاوكات هەمولایەك دەیەوێت بزانێت ئەم دۆخە بۆ ڕوویداو چۆن ڕوویدا، هەرچەندە لای ئێمە شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، جەنابی سەرۆكی هەرێم پێشتر ئەم مەترسیانەی بۆ هەمولایەك ڕوونكردبووەوە. تەنانەت لە واشنتۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكا باسی مەترسیەكان و پێشهاتی ئەم دۆخەمان ‌كردووە، واتە چاوەڕوان كراو بوو بەڵام ئەوەی پێشبینیمان نەدەكرد رووخان و هەڵوەشانەوەی ئەو سوپایە بوو لەماوەی تەنها 3 كاتژمێردا.

لەتەوەرێكی تری كۆبونەوەكەدا سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم باسی پێكهاتەی گروپەكان و سەرەتاكانی هاتنی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام بۆ شاری موسڵ و پێشڕەویكردنیان بۆ شارەكانی سەلاحەدین و دیالە و سنورەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد، هاوكات باسی هاوكاری هەرێمی كوردستانی كرد بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتی بەو ئەفسەرو سەربازو هاوڵاتیانەی كەبەهۆی ڕوداوەكانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی دیوان ڕایگەیاند كەپێش روداوەكان پەیوەندیان بە بەرپرسانی باڵای عیراقی فیدڕاڵ كردووەو داوایان لێكردون كە شاندێكیان بێنە هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆكردن سەبارەت بەچۆنیەتی خۆئامادەكردن و هەماهەنگی بۆ ڕێگریكردن لە هەرپێشهاتێكی نەخوازراو، بەڵام داواكەی هەرێم لەلایەن بەرپرسانی عیراق بەهەند هەڵنەگیراو ڕایانگەیاند كە خۆیان دەتوانن كۆنترۆڵی تەواوی دۆخەكە بكەن.

سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی كەركوك و دەوروبەری، د. فوئاد حوسێن ڕایگەیاند كە پاش بەجێهێشتنی ئەو ناوچانە لەلان سوپای عیراقەوە بۆشاییەكی ئەمنی لەناوچەكەدا بۆ هاوڵاتیان دروست بوو، هەرێمی كوردستان بە ئەركی خۆی زانی كە بۆ پارێزگاری كردن لە هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە بە گشت پێكهاتەكانیەوەو رێگریكردن لە پێشرەوی زیاتی چەكدارەكانی داعش، هێزی پێشمەرگە بنێرێتە ئەو ناوچانەو ئەو پۆشاییە ئەمنیە پڕ بكاتەوە.

حكومەتی هەرێم پابەندبوونی تەوای خۆی دوپاتكردەوە بە پارێزگاریكردن لە هاوڵاتیانی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها پاراستن و دابینكردنی ئەمنیەتی سنورەكان بە یەكێك لە ئەولەویاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.

پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت جارێكی تر دیپلۆماتكارانی دڵنیاكردەوە و ڕایگەیاند كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوپەڕی توانای بەكاردێنێت بۆ پارێزگاری و دڵنیابوون لەسەلامەتی دیپلۆماتكاران و هەموو جۆرە هاوكاریەكیان پێشكەش دەكات چ ئەوانەی لە هەرێمی كوردستانن یان ئەو دیپلۆماتكارانەی لە بەغدا بیانەوێ‌ بێنە هەرێمی كوردستان، هاوكات داوای لە كۆمەلگای نێودەوڵەتی كرد كە بەهانای ئاوارەكانی ئەم دواییە بێن و هانی ڕێكخراوە كۆمەك بەخشەكانیان بدەن بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و یارمەتی خێرا بۆ ئاوارەكانی ئەم دواییە.

پاشان چەندین پرسیار لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە كران و لەلایەن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وەڵام درانەوە، هەرلە كۆبونەوەكەدا هەریەك لە كاروان جەمال تاهیر جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەو خاتو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی كۆبونەوەكە بوون.
Top