سنوون... شەڕی پێشمەرگە و داعش بەردەوامە
ھاشم سیتەیی، بە kdp.info راگەیاند: لە نزیک ناحیەی سنوونی سەر بە قەزای شنگال، چەکدارانی داعش تەقە لە ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن و لە دوانیوەڕۆوە تەقەکردنەکە بەردەوامە، بەڵام خۆشبەختانە تا ئێستا ھیچ زەرەرێکی نەبووە.
وەک ئەو فەرماندەیە دەڵێت، لە قۆڵی ئەوان لەو سنوورە دوو ڕۆژە چەکدارانی داعش ناوبەناو تەقە دەکەن، بەڵام بە هیچ جۆرێک نەیانتوانیوە بێنە پێشەوە زیان بە هێزەکانی پێشمەرگە بگەیەنن.
ھاشم سیتەی گوتیشی: لە ئێستادا ئێمە لە رەبیعەین و ئەو ناوچەیەمان کۆنترۆڵ کردووە تا دەگاتە سنووری ناحیەی سنوون." ئەو فەرماندەیەی ھێزی پێشمەرگە روونیشی کردەوە کە، چەکدارانی داعش جموجۆڵیان ھەیە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە چالاکییەکی ئەوتۆیان هەبێت.
گوتیشی، "ھیچ ھێزێکی سوپای عێراق لەو ناوچەیە نەماوە و لە ئێستادا لە دەست ھێزەکانی پێشمەرگەدایە و کۆنترۆڵمان کردووە."
