ئاسایشی گەرمیان ژنەكەی زەرقاوی دەستگیركردووە
عەلی محەممەد شاسوار، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەرمیان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند 15 رۆژ پێش تەقینەوەكانی جەلەولا، هێزەكانی ئاسایش لە هەڵمەتێكدا خێزانی ئەبو موسعەب زەرقاوی ، سەرۆكی پێشووی رێكخراوی قاعیدەیان لە عێراق دەستگیركرد.
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی گەرمیان روونیكردەوە برایەكی ئەو ژنە لای ئاسایش دەستگیركراوە و دانی بەوەدا ناوە كە ئەو خوشكەی بە دیاری داوەتە ئەبو مەسعەب زەرقاوی و ئەو ژنەش خۆی دانی بەوەدا ناوە كە خێزانی بووە، بەڵام دوای كوژرانی زەرقاوی، ئەو ژنە شووی بە كەسێكی دیكە كردووە.
گوتیشی "دوای دەستگیركردنی، فشارێكی زۆرمان كرایە سەر لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە و شێخ فەیسەڵ كورەوی شێخی عەشیرەتی كورەویی و دادوەرانی دیالە، بەوەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان لە جەلەولا ئەو كارەیان ئەنجامدا، بۆیە ئێمەش لە ژێر فشارێكی زۆر ئەو ژنەمان رادەستی دادگا كرد، بەڵام ئەو شەوە لە زیندان نەمایەوە و لە ماڵی شێخ فەیسەڵ بوو بۆ بەیانییەكەشی دادوەر بە كەفالەت ئازادی كرد".
ئەبو موسعەب زەرقاوی لە ساڵی 1966 لە ناوچەی قەرزقا-ی ئوردن لەدایك بووە، لە رۆژی 7-6- 2007 لە بۆردوومانێكی سوپای ئەمریكا لە ناوچەی هبهب لە پارێزگای دیالە كوژرا.
رووداو
