شەبەكەكان داوا دەكەن پێشمەرگە بیانپارێزن
غەزوان داود، نوێنەری شەبەك و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كە ئەمڕۆ دانیشتووانی گوندەكانی (مۆفەقیە، تەهراوە، گوگجلی، كۆمەڵگەی غەدیر، تیبە، زەهرا و نوور)ی سەر بە ناحیەی بەرتلـلە، كە زۆربەیان لە پێكهاتەی شەبەكن خۆپیشاندانیان ئەنجامداوەو داوای جێگیركردنی هێزی پێشمەرگە دەكەن لە ناوچەكەیان بۆ پاراستنیان لە هێرش و پەلاماری هیزەكانی داعش و گرووپە تووندڕەوەكانی دیكە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ ئەوەی روونكردەوە كە داواكاریی خۆپیشاندەرانی بەدەستگەیشتووەو دەڵێ شەبەكەكان ئامادەن بە شێوەیەكی خۆبەخشانە بچنە نێو ریزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەرو ماڵیان.
گوتیشی: "لیوای پێنجی سوپای عێراقی كە كوردیشیان تێدایە ئەركی پاراستنی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆیە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵن و راستەوخۆ سەر بە نووسینگەی مالیكین ناتوانن وەكو پێویست خەڵكەكە ببپارێزن، بۆیە هەر چەند مانگ جارێك شەبەكەكانی ئەو ناوچانە دووچاری پەلامارو تەقینەوە و كوشتن دەبنەوە".
غەزوان داود دەشڵێ: "چەندین جار داوامان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە هێزی پێشمەرگە بنێرن بۆ پاراستنی خەڵكی ئەو ناوچانە، چونكە سوپای عێراقی كەمتەرخەمە لە ئەركەكانی خۆی و ناتوانێ بەرگریی لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بكات".
رووداو
