لێدوانی پۆلیس لەبارەی ڤیدیۆی هاوسەری دونیا
تاریق ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو مەلایەی كە دەستگیركرابوو بە كەفالەت ئازادكراوە و دواتریش باوك و دایكی دونیا، كە لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەری نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان دەستگیركرابوون، بە كەفالەت ئازاد كران."
تاریق ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، كە تاوەكو ئیستا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرنەكراوە و رایگەیاند، "ئێمە وەك پۆلیس زانیارییەكان لەسەر شوێنی بكوژەكە كۆدەكەینەوە و هەوڵدەدەین لە هەر شوێنێك بیبینینەوە دەستگیری بكەین، كە تاوەكو ئێستا دەستگیرنەكراوە."
سەبارەت بەوەی، كە گرتەڤیدیۆییەك لەلایەن مێردی دونیاوە بڵاوكراوەتەوە و تێدا باس لەوەدەكات، كە شایودحاڵی هەیە، كە دونیا خیانەتی لێكردووە، تاریق ئەحمەد گوتی، "ئەوە نابێتە پاساو بۆ كوشتن، لەبەر ئەوەی كوشتن تاوانە".
سلێمان زیاب یونس، هاوسەری دونیا، لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا، كە وێنەیەكی گەیەنراوەتە لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان باس لەوەدەكات، كە لەپێناو بەرگری لەشەرەفی خۆی دونیای كوشتووە و بەهانە دەهێنێتەوە بۆ ئەو کارەی بەوەی "كوڕێكی لەژووری دونیای هاوسەری دا بینیوە".
تاریق ئەحمەد لەوەڵامی ئەوەی مەبەستی بكوژەكە لەو كەسەی، كە لەگەڵ دونیا بینراوە كێیە، گوتی " لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا باس لەو كوڕە دەكات، كە پێشتر خۆی رادەستی ئێمە كردبوو بۆ ئەوەی ژیانی بپارێزین و مەبەستی لە كەسێكە، كە لەگەڵ دونیا پەیوەندی هەبووە و لە گەڵیدا بینیویەتی، هەمان ئەو كوڕەیە، كە ئێستا لای ئێمەیە."
سەبارەت بە بارودۆخی ئەو كوڕە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك گوتی، "ئەو كوڕە ئێستا لە زیندانە، بە هۆی ئەوەی خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كردبوو بۆ ئەوەی گیانی بپارێزین ، دادوەر لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرد وبڕیاری دەركرد بە زیندانیكردنی."
تاریق ئەحمەد ئەوەشی گوت، "ئەو كوڕە ئێستا بۆ پاراستنی ژیانی بە بڕیاری دادوەر لە زینداندایە، بەڵام دواتر ئەگەر شاهێدێك لە سەری هەبێت سەبارەت بەو قسانەی، كە هاوسەری دونیا لە ڤیدیۆكەدا كردوویەتی، ئەو كاتە دادوەر لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكات و بڕیارێكی دیكە دەدات."
بەڕێوەبەری پۆلیسی دهۆك داوا لە بكوژەكەش دەكات خۆی رادەستی پۆلیس و یاسا بكات و رایگەیاند، "با بكوژەكە خۆی رادەستی یاسا بكات و لەبەرامبەر دادگا ئازادە، كە چی دەڵێت و چۆن بەرگری لەخۆی دەكات یان سكاڵا لەسەر كێ تۆماردەكات."
رووداو
