سەرۆكی ھەرێمی كوردستان : پەیامێک بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنێرێت
برایانم جێگری سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان
بە بۆنەی سی و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم. هیوادارم ئەو یادە ببێتە هاندەرێك بۆ یەكخستنی تواناكانمان لەپێناو بەهێزتركردنی سەقامگیری و گەشەسەندنی وڵاتەكەمان و هەروەها پتەوتركردنی یەكڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پێشخستنی دۆزە ڕەواكەی.
خەبات و قوربانیدانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی تر بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكانی ئێستای كوردستان بەرپرسیارێتییەكی گرنگ و مێژووی دەخاتە سەر شانی هەموو لایەكمان كە پێكەوە كار بۆ پاراستن و بەرەو پێشبردنی ئەزموونی سیاسی و حوكمڕانی و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسوودە بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بكەین. لەم قۆناغەدا كە تەحەدییات و دەرفەتی مەزن لەبەردەم گەلی كوردا هەن زیاتر لە هەر كاتێك ئەو چاوەڕوانییە لە هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەیە كە یەكڕیز و یەكدەنگ بن.
هەر لەو بۆنەیەدا هیوای چاكبوونەوە بۆ برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال سكرتێری گشتیی یەكێتی دەخوازم. هیوادارم بە زووترین كات بگەڕێتەوە ناومان.
هەر شاد و سەركەوتوو بن
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
31ـی 5ـی 2014
