لێدوانی وەزارەتی دارایی لەسەر مووچەی مانگی پێنج
دلێر تاریق ، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ كۆتا وەزارەت بوون كە 26ی ئایار مووچەی مانگی نیسان وەربگرن.
سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنج، گوتی "تا ئێستا دیار نییە كەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 5 دەكەین".
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە دوایین سەردانیدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەگەڵ ژمارەیەك ناوەندی دارایی و چەند بانكێكی نێودەوڵەتی كردووە بۆ ئەوەی قەرز بە هەرێمی كوردستان بدەن، تاوەكو لە رێگای وەرگرتنی قەرز و داهاتی نەوت مووچەی فەرمانبەران دابینبكرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی رابردوودا بە پشتبەستن بە داهات و قەرزی ناوخۆیی و كۆمپانیاكانی نەوت مووچەی فەرمانبەرانی دابینكردووە، وەك سەفین دزەییش باسی دەكات، هەوڵدەدەن لە چەند مانگی داهاتوودا بە پشتبەستن بە داهاتی نەوت بەشێكی زۆری ئەو كێشە داراییانە چارەسەربكەن كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت.
رووداو
