سه‌رۆك بارزانی: بڕیاری ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان ئه‌و راستییه‌ی دووپات كرده‌وه، كه گه‌لی كوردستان هه‌رگیز ته‌سلیمی پیلان نابێ
به‌ناوی خوای مه‌زن و دلۆڤان
به‌بۆنه‌ی 38همین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانه‌وه گه‌رمترین سڵا و رێز له خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان و ته‌واوی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م.
له 26ی گوڵانی 1976ه‌وه به‌فه‌رمانی بارزانیی نه‌مر شۆرشی پێشكه‌وتنخوازی گوڵان، وه‌ك درێژه‌پێده‌ری شۆڕشی مه‌زنی ئهیلوول بۆ ته‌واوكردنی ئامانجه به‌دی نه‌هاتووه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان ، یه‌كه‌م بلیسهیدا و كاروانی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی گهلهكمانی درێژه پێدا.
بڕیاری ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی شۆڕش ئه‌و راستییه‌ی دووپات كرده‌وه، كه گه‌لی كوردستان هه‌رگیز ته‌سلیمی پیلان نابێ، هاوكات وه‌ڵامێكی به‌جێ بوو بۆ له‌گۆڕنانی " پیلانی شومی جه‌زایر" و نه‌یهێشت كاروانی خه‌بات ڕابووه‌ستێ، به‌م هه‌ستانه‌وه‌و هه‌نگاوه گرنگ و مێژووییه‌ش هیواو ئومێد و متمانه بۆ دڵ و ده‌روونی گه‌له‌كه‌مان گه‌ڕایه‌وه.
شۆڕشی گوڵان به هاوكاری و یارمه‌تی هێزه‌كانی دیكه و جه‌ماوه‌ری خۆڕاگری كوردستان چه‌ندین داستانی مه‌زنی تۆماركرد، كه له مێژووی گه‌له‌كه‌ماندا قورسایی و كاریگه‌ری و ڕه‌هه‌ندی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتگێڕی خۆیان هه‌یه و توانی كێشه‌ی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان بگه‌یه‌نێته قۆناغێكی پێشكه‌وتووتر و بۆ دوژمنانیش سه‌لمێنرا كه هیچ گه‌له‌كۆمه‌كی و پیلانگێڕییه‌ك ناتوانێ ده‌نگی ڕه‌وای میلله‌ته‌كه‌مان كپ بكات و ئیراده پۆڵاینییهكهی تێكبشكێنێ.
ئه‌مڕۆ له كاتێكدا یادی ئه‌و شۆڕشه پڕ ده‌سكه‌وته ده‌كه‌ینه‌وه، به‌هاتنه‌دی به‌شێكی زۆری ده‌سكه‌وته‌كانی سه‌ربه‌رزین، ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی ئومێد و خه‌ونی تێكۆشه‌رانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بوو، به‌خوێنی پیرۆزی شه‌هیدان و ماندوونه‌ناسی تێكۆشه‌رانی میلله‌ته‌كه‌مان قه‌ت به‌فیڕۆ نه‌چووه.
هه‌ر له‌و یاده‌وه جارێكی دیكه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، كه له خه‌باتی بێوچانیشدا به‌رده‌وامده‌بین بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی دیكه، به‌تایبه‌تی كه ئێستا هه‌لومه‌رجه‌كه زۆر له‌بارتره و میلله‌ته‌كه‌مان له‌به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی مێژوویی مه‌زندایه، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ش ئه‌ركی هه‌موو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستان قورس‌تر ده‌كات به‌وه‌ی ده‌بێ بۆ پارێزگاری كردن له ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی هێزه سیاسیه‌كانی كورد پته‌وتر بكه‌ین و به‌رپرسانه هه‌نگاو بنێین تاكو به هه‌موو لایه‌كمانه‌وه كوردستان زیاتر پێشبخه‌ین و رێگا نه‌ده‌ین نه‌ك پاشه‌كه‌شه به‌م ده‌ستكه‌وتانه بكری، به‌ڵكو شیلگیران كار‌و خه‌باتی پێكه‌وه‌یی ئه‌نجام بده‌ین بۆ به دیهێنانی ده‌ستكه‌وتی مه‌زنتر بۆ گه‌له‌كه‌مان.
بۆیه پێویسته له‌سه‌ر گه‌لی كوردستان به‌گشت پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مه‌زهه‌بی و لایه‌نه سیاسییه‌كانییه‌وه له ئاستی به‌رپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بن و
به‌یه‌ك هه‌ڵوێست به‌رگری له‌و ده‌سكه‌وتانه بكه‌ن.
سڵاو له گیانی پاك و ڕۆحی زیندووی یه‌كه‌م شه‌هیدی گوڵان، سه‌ید عه‌بدوڵڵاو هه‌موو شه‌هیدانی ئه‌و شۆڕشه‌و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كورد‌و كوردستان و سڵاوی تایبه‌تیش بۆ خانه‌واده سه‌ربه‌رزه‌كانیان.
مسعود بارزانی
سه‌رۆكی هه‌ریمی كوردستان
25ی ئایاری 2014
