بەڕێوەبەری سلێمان بەگ: دزەكردنی چەكداران بۆ شارەدێكە بەردەوامە

 بەڕێوەبەری سلێمان بەگ: دزەكردنی چەكداران بۆ شارەدێكە بەردەوامە
بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ رایگەیاند رەوشی ئەمنی شارەدێی سلێمان بەگ زۆر نالەبارە بەتایبەتی دوای تەقاندنەوەی ژمارەیەك خانووی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە، سەرەڕای لێدانی خەندەقەكەش رۆژانە دزەكردنی چەكداران بۆ نێو شارەدێكە بەردەوامە.

تاڵیب ئەحمەد بەیاتی، بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەوشی ئەمنی شارەدێی سلێمان بەگ زۆر نالەبارە بەتایبەتی دوای تەقاندنەوەی 25 خانووی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە، هەروەها بەهۆی باڵادەستی گرووپە چەكدارەكان بە شەوان خەڵكەكە ناحیەكە جێدێڵن و بەرۆژیش دەگەڕێنەوە، سوپای عێراقیش هیچ خەمی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكەی نییە".

ئەحمەد بەیاتی هەروەها گوتی: "بەردەوام سەردانی ئیدارەی پارێزگای سەڵاحەددینمان كردووەو ئەو كێشەمان لەگەڵ باسكردوون، بەڵام بەداخەوە سوپا و پۆلیس بەشێوەیەكی دروست كارەكانیان ئەنجام نادەن".

بەڕێوەبەری شارەدێی سلێمان بەگ گوتیشی: "دوای رووداوەكانی 13/4 بە مەبەستی رێگرتن لە هاتنە ژوورەوەی چەكداران هەڵساین بە لێدانی خەندەقێك لە ناوچەكە هاوكات خاڵی پشكنین و تاوەری چاودێریشمان داناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەردەوام چەكداران دزە دەكەنە نێو شارەدێیەكە، تاوەكو ئێستاش سوپا هەوڵی نەداوە رێگری لە هاتنە ژوورەوەی چەكداران بكات".

لە مانگی نیسانی رابردوو چەكدارانی داعش ماوەی پێنج رۆژ دەستیان بەسەر شارەدێی سلێمان بەگدا گرت، دوای پێنج رۆژ لە پێكدادان لەگەڵ چەكداران سوپای عێراق توانی دەست بەسەر ناوچەكەدا بگرێتەوە.








رووداو
Top