مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌رباره‌ی دوا رووداوه‌كانی رۆژئاوای كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه
هاوڵاتیانی ئازیز
كوردستانیانی هێژا
وه‌ك هه‌موان ده‌زانن، هه‌ر له‌و كاته‌وه كه گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه و ووڵاتی سوریا، هه‌ل و مه‌رجێكی نوێی بۆ كوردانی رۆژئاوا هێنایه ئاراوه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان و له پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك ئه‌ركی نه‌ته‌وه‌یی و هاوپشتی برایانه‌مان به‌رامبه‌ر كوردانی ئه‌و پارچه ئازیزه‌ی كوردستان و له په‌رۆشیمان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجه‌كه به قازانجی سیاسیی خه‌ڵكی رۆژئاوا بشكێته‌وه، ده‌ستی هاوكاری و پشتیوانیمان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان درێژ كرد و هه‌موو هه‌وڵێكماندا تا هه‌موویان یه‌ك ده‌نگ و هاریكاری یه‌كدی بن و پێكه‌وه كاربكه‌ن تا له دوارۆژی ئه‌و ووڵاته‌دا مافه‌كانی گه‌لی كورد زامن و مسۆگه‌ر بن، به‌ڵام به‌داخه‌وه حزبی په‌یه‌ده هه‌ر زوو له‌م ره‌وته هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ سیاسه‌تێكی تاكڕه‌وانه‌ی قۆرغكارانهی خۆسه‌پێنی گرته‌به‌ر و له‌سه‌ر ئاستی سوریا و سه‌نگه‌ربه‌ندیی هه‌رێمایه‌تیش، رۆژئاوای له سیاسه‌تێكی شووم و نه‌زۆك و سهركێشانهوه تیوهگلاند كه جگه له مه‌ترسی و ئایندهی نادیار هیچی دیكه‌ی بۆ كورد لێ شین نابێت.
په‌یه‌ده به‌وه‌نده‌شه‌وه نه‌وه‌ستا و تاكڕه‌وی و پاوانكاری گه‌یانده ئاستی دژایه‌تییه‌كی بێشه‌رمانه‌ی هێزه سیاسییه‌كانی دیكه و ده‌ستنه‌پاراستن له گرتن و راوه‌دونان و ده‌ركردنی سه‌ركرده و كادیر و لایه‌نگرانی حیزبه‌كانی دیكه و به تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا وه‌ك له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی فراوان روویدا.
له سایه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته تاكڕه و و ناڕه‌وایه‌ی په‌یه‌ده‌دا، ئێستا رۆژئاوا له جیاتی ئه‌وه‌ی ببێته نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوانه‌ی كورد له خۆبه‌ڕێوه‌بردنێكی دیموكراتیانه و فه‌زایه‌ك بۆ ئازادی خه‌بات و هه‌ڵسوڕانی سیاسی‌دا، كه‌چی خراپتر له ناوچه‌كانی ئیداره‌ی رژێم، بۆته جێیه‌ك بۆ قۆرغكاری و سه‌ركوتكردنی ئازادی سیاسیی.
په‌یه‌ده كه داوای ئازادی هه‌ڵسوڕانی سیاسی و كرانه‌وه‌ی پارچه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر یه‌كدی ده‌كات كه‌چی بۆ خۆی به‌و شێوازه دیكتاتۆریانه‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ تێكۆشه‌ران و جه‌ماوه‌ری رۆژئاوای كوردستان ده‌كات، مامه‌ڵه‌یه‌ك كه له دونیای تێكۆشانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا مۆدێلێكی قیزه‌ونی به‌سه‌رچووی نه‌فره‌ت لێكراوه و به هیچ جۆرێك قابیلی قبوڵ نییه، بۆیه پێویسته په‌یه‌ده ده‌ستبه‌رداری ئه‌م سیاسه‌ته تاكڕه‌و و خۆسه‌پێنه بێت، كه به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك زیانی گه‌وره به به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاوا ده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته په‌یه‌ده وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی كوردانی رۆژئاوا بێت كه به‌سه‌ر حیزب و بیر و ڕای جۆراو جۆردا دابه‌ش بوون و هه‌مووانیش خه‌ڵكی ره‌سه‌ن و رۆڵه‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستانن و هیچ هێزێك بۆی نییه ئازادی تێكۆشان و كاری سیاسسیان لێ قه‌ده‌غه بكات.
ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وپه‌ڕی هاوسۆزی خۆمان له‌گه‌ڵ خوشك و برایانی كوردی رۆژئاوا و تێكۆشه‌رانی پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریا راده‌گه‌یه‌نین.
به توندیش ئیدانه‌ی ئه‌و شاڵاوی رهشبگیره ده‌كه‌ین كه له لایه‌ن په‌یه‌ده‌وه ده‌كرێته سه‌ریان ..
جارێكی دیكه‌ش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاوای كوردستان له پێكه‌وه‌كاركردنی هه‌موو لایهنهكاندایه و پێویسته ئه‌م تاكڕه‌وی و خۆسه‌پاندنه كۆتایی بێت.
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
18 – 5 - 2014
