ئەسیل نوجێفی دەخوازێت، بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم ئاساییش لە پارێزگاری مووسڵ بەرقەرار ببێت
ئەمڕۆ یهكشهممه 18/5/2014 راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانیپێشوازیی لە پارێزگاری مووسڵ، ئەسیل نوجێفیو شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا هەردوو لا دوارەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق بە گشتی و پارێزگای مووسڵیان بە تایبەتی تاوتوو کرد. لە میانەی دیدارەکەدا مەسروور بارزانی بە بۆنەی سەرکەوتنی لیستی موتەحیدوون لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا پیرۆزبایی لە نۆجێفی کرد و ئومێدی خواست کە ئاراستەی سیاسیی عێراق بکەوێتە سەر ڕاستەڕێی سرووشتیی خۆی و رێز لە دەستوور بگیرێت و گشت پێکهاتەکانی عێراق بەشداری راستەقینە و کارای بەرێوەبردنی وڵات بن و سیاسەتی قۆرخکاری لە ناوەند کۆتایی پێ بهێنرێت.
لە بەشێکی دیدارەکەدا پارێزگاری مووسڵ ئاماژەی بە دوارەوشی ئەمنیی مووسڵ دا و ئاواتی خواست کە بە هاوکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بتوانن بەرامبەر بە شەپۆلی تیرۆر و تۆقاندن بوەستن و ئارامی و ئاسایش لەو پارێزگایەشدا لە شێوەی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەن.
لە بەرامبەردا راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم ئامادەکاریی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی راگەیاند بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک بە مەبەستی بەهێزکرنی ئاستی دامودەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای مووسڵ.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش هیواخواز بوو کە هەرچیی زووتر بە هاوکاری و هەوڵ و تێکۆشانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئارامی و سەقامگیری باڵ بە سەر پارێزگای مووسڵ و گشت پارێزگاکانی دیکەی عێراقدا بکێشێت، تاکو زەمینە بۆ پێشکەوتن و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرانە برەخسێنرێت.
