ناوی ئەندامانی لیژنەی دانوستاندنكار لەگەڵ بەغدا
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کە رۆژی شەممە 17.5.2014، لە کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری لایەنە کوردستانییەکان بەشداربوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بڕیارە ئەو لیژنەیە سەردانی بەغدا بكەن بۆ دانوستاندن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و راستەوخۆش سەر بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبن.
محەممەدی حاجی مەحموود، ناوی ئەندامانی لیژنەكەی ئاشكراكرد، كە بریتین لە:
رۆژ نووری شاوەیس، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان
فوئاد مەعسوم، نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانیی کوردستان
بیلال سلێمان، نوێنەری كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
كاوە مەحموود، نوێنەری شیوعی، سۆسیالیست و زەحمەتكێشان
هەریەك لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانیش نوێنەری خۆیان دەبێت.
جەلال جەوهەر، یەكێك لە نوێنەرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و غازی سەعید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەبارەت بە نوێنەری حیزبەكانیان لە لیژنەی دانوستاندنكاری كورد لەگەڵ بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، "هێشتا نوێنەرەكەمان دەستنیشان نەكردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە 18.5.2014 بە دڵنیاییەوە دەستنیشانی دەكەین".
رووداو
